لێکترازان

نووسین: دانا ڕه‌ئووف

بابه‌ت: شانۆنامه‌

چاپ: ٢٠٢٤

چاپخانه‌: چاپخانه‌ی کارۆ، سلێمانی


ده‌رباره‌

نووسینی ئەم پێشەکییە بۆ من لە هەموو ئەرکێکی ­تری نووسین قورستر بوو، چونکە لە پێشەکیدا نە بە نیازی شیکردنەوەیت و نه‌ ڕه‌خنه‌یش، لە کاتێکدا لانیکه‌م هەر تووشی یەکێکیان دەبی. جگە لەوەش، نووسینی پێشەکییەک لەسەر بەرهەمی نووسەرێک، کە پێشتر بە وردی شیکاریت بۆ چەندین بەرهەمی کردووە، گومانی زۆرت لا دروست دەکات. هەرچۆنێک بێت من بە شانازییەوە پێشنیازی نووسەرم بۆ نووسینی پێشەکی بۆ ئەم بەرهەمە وەرگرت. بەو پێیەی بۆچوونی دانا ڕەئووف بۆ شانۆنامە بۆچوونێکی باو نییە لە لای خۆمان، پێموایە ڕوونکردنەوەیەکی کورت لەمەڕ بنەماکانی تێڕوانینی بەرهەمەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەردەنگ و هیوادارم ئەم هەوڵەی من سوودی هەبێت.

بە بڕوای من دەبێ وەکوو بەرهەمی پاش پێکهاته‌گه‌رایی[1] بۆ شانۆنامەکانی دانا ڕەئووف بڕوانین. بەداخەوە لەم دەرفەتەدا ناکرێ بە دڵی خۆم به‌رهه‌مه‌کانی دانا ڕه‌ئووف،‌ وه‌کوو به‌رهه‌می پاش پێکهاته‌گه‌رایی ڕوون بکەمەوە. لە زانستنا­مەی “بەرتیانیکا” لەسەر پاش پێکهاتییخوازی[2] ئاوانووسراوە: “ئەم ڕەوتە پێیوابوو زمان ڕاگەیێنەرێکی ڕوون نییە، کە ڕاستەوخۆ مرۆڤ بە (ڕاستی) یان (واقیع)ی دەرەوەی خۆیەوە ببەستێتەوە، بەڵکوو (زمان) پێکهاتە یان نیشانەیە، کە به‌شه‌کانی مانایان لە ململانێ لەگەڵ یەکترەوە وەردەگرن، نەک لە هیچ پەیوەندییەکەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە.”[3]  هەروەها دەقەکانی دانا ڕەئووف ئەو بەرهەمە ڕوونە نین، کە ڕاستەوخۆ خوێنەر بە ڕاستیەکانی  دەرەوەی خۆیەوە ببەستێتەوە، بەڵکوو ئەو دەقانە دەیانەوێ لەو تێڕوانینە پرسیار بکەن و گۆمانیان هەیە لەسەر ڕاستی و واقعی دیاردەکان. بە کوردی و بە کورتی دەقی دانا ڕەئووف وەڵامی لا نیە و بە پێچەوانەیشەوە پرسیاری پێیە. یان باشتر وایە بڵین خوێندنەوەی بەرهەمە شانۆیەکانی دانا پرسیارمان لا ساز دەکا. لێرادا چەمکێکی تر دێتە ئاراوە، کە پەیوەندی هەیە لە گەڵ دەقی دوای پێکهاته‌گەرایی، واتا دەقی پرسیارئامێز[4].

لەمەڕ ئەم چەمکە  کاترین بێلسی [5] ڕەخنەگری ئەدەبی و ئەکادیمی بەریتانی دەڵێ: “دەقی پرسیارئامێز نەک هەر نکۆڵی دەکات لە تێڕوانینی یەکلایەنە، تەنانەت ئەگەر ئاڵۆز و گشتگیریش بێت، بەڵکوو لە ناکۆکییەک یان دژایەتییەکی چارەسەرنەکراودا ڕوانگە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە.”[6] بە پێ ئەم پێناسانە دەتوانرێت بگوترێ دەقەکانی دانا ڕەئووف سەرەڕای ئەوەی بۆچوونێکی تایبەت پەسەند ناکەن بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بۆچوونە جیاوازەکان لە تەنیشت یەکدا کۆبکەنەوە. نوێنەری ئەم بۆچوونە جیاوازانە کەسایەتیەکانی دەقەکانی ئەون. ئەڵبەت ئەمە بەو مانیە نیە، کە ڕووانگە جیاوازەکان بەبێ هێچ کێشەیەک کۆ دەبنەوە و لە یەکتر تێدەگەن، بەڵکوو بە پێچاوانەوە ئەم دەقانە هەوڵ دەدەن بۆ پیشاندانی نەبوونی پەیوەندی ورد لەنێوان کەسایەتیەکاندا و هەروەها تێنەگەیشتنی ئەوان لە خواستی و ویستی یەکتر. ئەم نەتوانینە دەگەڕیتەوە بۆ تایبەتمەندی کەسایەتیەکانی دەقی پاش­ پێکهاتەیی، کە وەک بکەری لە­تبوو[7] پیشان دەدرێت.

چەمکی بکەری له‌تبوو دەگەڕیتەوە بۆ دەروونشیکاری لاکان[8]. دوو ڕەوت بکەری لاکانی پێکدەهێنن: یەکەمیان پەیوەندی بە پرۆسەی نامۆبوونەوە هەیە لە ڕێگەی زمانەوە، دووەمیان پەیوەندی بە جیابوونەوەی ویست یان ئارەزوو هەیە، بەڵام لاکان چرکەساتی دەرکەوتنی بکەر دیاری ناکات، چونکە بکەر هەرگیز وەک خۆی دەرناکەوێت. بکەر لە دەروونشیکاری لاکانیدا دیاردەیەکی سەقامگیر و بەردەوام نییە. ئێستا بە یارمەتی ئەم چەمکانە، کە زۆر بە کورتی ئامەژەیان پێکرا دەتوانین خوێندنەوەیکی باشترمان هەبێ لەم شانۆ نامەیە.

ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی پاش­ پێکهاتەیی لە هەموو توخمەکانی شانۆنامەی لێکترازاندا دیارە. ئەم کاریگەریە بەتایبەت لە پێکهاتەی دەقەکەدا زۆر ڕەنگی داوه‌ته‌وه‌. هەروەها لە ڕووی پێکهێنانی کەسایەتیشەوە. هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ چەشنێک لە دەق ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە وەک بکەری لەتبوو وایە. واتا ئەم دەقە لە ڕووی زمانه‌وه‌ تووشی دابڕان بووە و هاو کات ناتوانێ ویست و ئارەزووی وەکوو خۆی دەرببڕێ. بۆیە ئەم شانۆنامەیە مەبەستی ئەوە نییە وەک ڕاستییەکی دۆزراوه مانایەکی مسۆگەرمان بۆ بخاتەڕوو. لە ڕاستیدا دەیەوێت پەیوەندییەکی دیالکتیکی لە نێوان لێکترازان و پەیوەندیدا وەک دووانەییەکی لێکدژ بدۆزێتەوە. بۆ نموومە خێزانێکی لێکدابڕاو دەبینین، کە لە هەمان کاتدا بەیەکەوە گرێدراون. شاعیر و کچەکەش بە هەمان شێوە. هەوڵی لەم چەشنە لە دەقەکەدا زۆرە، دەقەکە لە چوار بەش پێکهاتووە، کە هەر بەشێکی لە وەرزێکدا ڕوو دەدا، بەڵام دەستپێکی ئەم دەقە پایزە، ئەمە لە حالێکدایە، کە پایز بەردەوام هێمای کۆتایی و ئەنجامە. بە بڕوای من ئەمە بۆ خۆی ئاشکراترین هەوڵی دەقەکەیە بۆ پێکهێنانی دیالکتیکی نێوان دەستپێک و کۆتایی. ئەم دوانە لێکدژانە دەکەونە ژێر دوانەی لێکدژی لێکترازان و پەیوەندی، کە پێشتر ئامەژەمان بۆ کرد. بێگومان لێکترازان نایەوەی ئەم دوانە لێکدژانە ئاشکرا بکاو و بە یارمەتیان مانایەکی مسۆگەر پێکبێنێ. بە پێچەوانەوە دەیەوێ پرسیار بکا لە لێکدژبوونی ئەم دوانانە و هەوڵ دەدا دیالکتیکی نێوانیان بدۆزرێتەوە.

نووسینی کوورش زارع ڕەمشتی

دەرچووی ماستەر لە بواری ئەدەبی شانۆیی لە زانکۆی تاران


[1] Post-structural

[2] Post-structuralism

[3] https://www.britannica.com/art/poststructuralism

[4] Interrogative text

[5] Catherine Belsey

[6] Belsey, Catherine, 2005. Critical Practice 2nd Edition (London and New York: Taylor & Francis e-Library)

[7] Split Subject

[8] Jacques Marie Émile Lacan