ژیانێکی دیکه
ژیانێکی دیکە
تیۆدۆر کالیفاتیدێس
و. لە سوێدییەوە: کەریم تاقانە
تیۆدۆر لە تەمەنی حەفتاوپێنج ساڵیدا بیر لەوە دەکاتەوە واز لە نووسین بهێنێ. پێی وایە کانیاوی نووسینی وشکی کردووە. «ژیانێکی دیکە» یادداشتەڕۆمانێکی تایبەتە لەو بارەیەوە، تیۆدۆر سەرەتا بە زمانی یۆنانی نووسیویەتی کە زمانی دایکیەتی؛ دواتر هەر خۆی بە سوێدی دەینووسێتەوە.
داعش، ڕەگەزپەرستی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئاستەنگەکانی دێموکراسی، ڕۆڵی ئەدەبیات، خۆشەویستی بۆ نیشتمان، دایک و زمانی دایک. ئەمانە بەشێک لەو پرس و ئاخاوتانەن تیۆدۆر لەم ڕۆمانەیدا لایان لێ دەکاتەوە و دەیانورووژێنێ، بەڵام ئەو تێدەگا ڕۆمان دەنووسێ و دەیشزانێ چۆنچۆنین چیرۆکی خۆی و ئێمەومانان بگێڕێتەوە.
چەند دێڕێک لە ڕۆمانەکەوە:
«داپیرە دوو جەنگی جیهانی، چەندان جەنگی بالکان و جەنگێکی نێوخۆییی نابوونە پشت سەر. کە نازیستەکان باوکیان بردم و ئێمە نەماندەزانی بۆ کوێیان بردووە، داپیرە سەری خۆی هەڵگرت هەتا سۆراخی بکا. توێشووەکەی پارچە نانێک، چەند زەیتوونێک و پیازێک بوو. باوکمی لە بەندیخانەیەکدا دۆزییەوە، زۆر لە ماڵمانەوە دوور بوو، پاسەوانەکان ڕێگەیان نەدا چاوی پێی بکەوێ، بەڵام داپیرە لە بەر دەروازەکەدا خۆی دابوو بە عەرزدا و گوتبووی لێرە ناڕۆم هەتا مێردی کچەکەم نەبینم. سەرەنجام کۆڵیان دابوو.
کە لێت دەپرسی چۆن دەرەقەتی ئەم هەموو دەردیسەرە هاتووە، بە وشە وەڵامی نەدەدایەوە. بە دەست ئاماژەی بۆ ئاسمان دەکرد. ئیماندار بوو. نگارەکانی کڵێسای ئاوایی گرانبایی نەبوون، بەڵام داپیرە ئامادە بوو سەری خۆی لە پێناویاندا دابنێ. لە ماڵ کڵێسایەکی چکۆلەی مینیاتۆریی هەبوو تاجەگوڵینەی مارەبڕینەکەی و نگارەیەکی مریەمی پاکیزەی تێدا هەڵگرتبوون.
مرۆڤ دەبێ چەندە ساویلکە بێ پێی وابێ مافی هەیە سووکایەتی بە نگارەکانی داپیرە بکا، تف لە تاجەگوڵینەی مارەبڕینەکەی بکا، تف لە ئیمانی بکا، ژیانی سووک بکا و بەم دڕندەیییە بڵێ ئازادیی دێموکراتیک؟»