ژنەکان لە نەسیمدا ون دەبن

ناوی کتێب: ژنەکان لە نەسیمدا ون دەبن

ناوی نووسه‌ر: بەیان ئەحمەد

بابه‌ت: شیعر

دیزاینی به‌رگ: تێکۆشه‌ر خالید

دیزاینی ناوه‌وه: شاڵاو حه‌بیبه

نۆبه‌ی چاپ: ١

بڵاوکراوه‌ی که‌پر کتێبی ژماره: ٦

ژماره‌ی سپاردن: له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کتێبخانه ‌گشتییه‌کان ژماره‌ی ()ی ساڵی ()ی پێ دراوه.


بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی “ژنەکان لە نەسیمدا ون دەبن”

بەیان ئەحمەد شاعیرێکە شیعر ئاوێتەی ژیان دەکات و ژیانی ڕۆژانە دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورە و سروشبەخش. بەیان، لە هەموو شیعرێکدا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هەندێک جار ئەو چیرۆکە مۆرکێکی داستانئامێز لە خۆ دەگرێت و نەفەسێکی قووڵی داستانئامێز دەبەخشێت بە ژیانی ڕۆژانە. شیعر دەبێتە وەرزەکانی ساڵ؛ بەهار، هاوین، پایز و زستان لەنێو بۆتەی وێنە شیعرییەکاندا، کات و شوێن تێک دەشکێنیت و لە مەودایەکی گەردوونیدا وەرزێکی تری ساڵ دەخوڵقێنێت، دەتوانین بڵێین وەرزی پێنجەمی شیعر. وێنەی شیعر و چیرۆکەشیعرییەکان پێکهاتەیەکی هێماگەلی و هاوکات خودگەرای شیعرەکانی (بەیان)نن.

شیعرەکانی (بەیان) دەنگێکی ڕەسەنی ئافرەتن، لە پشت هەموو شیعر و دێڕ و وشەیەکەوە، دەنگی ئافرەتێک بوونی هەیە: حەزەکانی ئافرەت، دڵەڕاوکێی ئافرەت، خەونەکانی ئافرەت، نەفرەتی ئافرەت، پەیوەندییە چڕ و ئاڵۆزەکانی نێوان ژن و پیاو… هتد لە پشت شیعرەکانەوەن. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەو جورئەت و بوێرییەیە لە نووسیندا؛ بەیان ڕێگا بە هیچ بەربەستێک نادات سنووردای بکات و سەربەستییەکی تەواوی لە نووسیندا، لە دەربڕینەکانیدا، لە خەونی شیعرەکانیدا هەیە.

هەندێک جار نەفەسێکی شێرکۆیی لە گێڕانەوەی شیعرەکانیدا بە دی دەکرێن، کاریگەریی شێرکۆ بێکەس هەن، بێ ئەوەی شێرکۆ بن. بەیان، بەیانە و شیعرەکانی لە خودی خۆیەوە، لە ئەزموونی خۆیەوە، وەک ئافرەتێک سەرچاوەی گرتووە.

وێنە شیعرییەکان چەندە ساکارن، هێندەیش قووڵ و پڕ مانان، بۆ نموونە لە هەندێک شیعردا دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، مێژوو لەم وێنانەدا چیرۆکی ژیانێکی ئێستامان بۆ دەگێڕێتەوە، مێژوو لە وێنەیەکی تەڵخی ئەمڕۆماندا دووبارە دەبێتەوە، لەوێدا مێژووە پڕ لە کارەساتەکە، لە ژیانی ژنێکدا، لە ئەمڕۆدا، لە ئایندەیەکی نادیاردا، دەبێتەوە بە چیرۆکێک، کە زۆرێک لە ژنان خۆیانی تیا دەبیننەوە.

بەیان زیرەکانە یاری بە ڕەگەزی نێر و مێ دەکات، مێ دەبێتە نێر و نێریش بە مێ، تا هەردووکیان بزانن لەو گەمەیەدا، چۆن و بە چ شێوەیەک یەک دەگرنەوە و بەر یەک دەکەون و ئەزموونی ئەویتر بکەن.

هەندێک لە شیعرەکانی بەیان ئەحمەد مۆرکێکی سیاسی لە خۆ دەگرن، بەڵام بێ ئەوەی سیاسی بن، مەبەستم ئەوەیە “سیاسەت” نابێتە دروشم و لایەنگری لایەک، یان دژایەتیکردنی لایەنێکی تر و بارگاوی بە ئایدۆلۆژیا، بەڵکو خستنەڕووی ڕەوشە سیاسییەکەیە لە وێنەیەکی شیعریی ڕوون و ئاشکرادا، بێ ئەوەی پەنجە بۆ کەس درێژ بکات. بۆ نموونە ژیانی سەرۆکێکی بێخەم و بێپەروامان بۆ دەگێڕێتەوە و دەبێتە ڕەوشێکی ژیانی ڕۆژانە، کە خوێنەر دەتوانێت بەراوردی خۆی لەگەڵ سەرۆک بکات، یان بە پێچەوانەوە، سەرۆک بەراوردی خۆی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی بکات. ئەوەی لەم خاڵەدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە، کە ئەم وێنە سیاسییانە لە شیعرەکانی “بەیان”دا دەبنە کاریکاتۆر و دەمانهێننە پێکەنین.


نووسینی: که‌پر