ڕۆمانی نیشتمانی سارا، خیانەت لە یادەوەری

,

نووسین: حەسەن حسێن


بۆ بەشداریکردن لەو ریپۆرتاژەی رۆژنامەنووسەکە دەیەوێت دەربارەی کێشەی جوو لە عێراق و کوردستان ئامادەی بکات، وەکو سروشتی خۆم کەمێک پێش وادەی دیاریکراو دەگەمە وێستگەی شەمەندەفەری گروونە ڤالد (Grunewald). هێڵکارییەکی هەڵکۆڵراوی چەند شێوەیەکی جەستەی مرۆیی کە لە حاڵەتی جووڵەی جیاوازدان بەسەر لادیوارێکی سپی وێستگەکەوە سەرنجم رادەکێشێت. لە پاڵ ئەم هێڵکارییەوە نووسراوە ( بۆیادی زیاتر لە ٥٠ هەزار جووی بەرلینی کە لە ئۆکتۆبەری ١٩٤١ ەوە تا فێبروەری ١٩٤٥ لە وێستگەی گرۆنێڤاڵدەوە بەرەو ئۆردووگاکانی مەرگ دیپۆرت کران). بە دەم هەنگاونانەوە سەیری ئەو داتایانە دەکەم لەسەر سەکۆی وێستگەکە هەڵکەنراون و ئاماژە بە ژمارە و مێژووی دیپۆرتکردنەوەی جووەکان دەکەن. لەوێدا گوێم لە گریانی منداڵەکانە و هەست بە ئاخ و حەسرەتی گەورەکان دەکەم بۆ هاوشارییە بێ ئەمەکەکانیان کە بەبەرچاویانەوە بەشێک لە هاوشارییە رەسەنەکانیان، تۆ بڵێ دراوسێ و هاوڕێ و ئەحبابەکانیان بەرەو قڕکردن دەبرێن. لەم کاتەدا شاربەدەرکردن و دەرپەڕاندنی خایم، حەکیم، سابات و جووەکانی دیکەی گەڕەکی جوولەکانم بیردەکەوێتەوە. جیاوازی چارەنووسی جووەکانی سلێمانی لە جووەکانی بەرلین رێگر نابێت لەو دڵتەنگییە قووڵەی هورووژمم بۆ دەهێنێت. 

دوای بێدەنگییەکی غەمناک لەگەڵ دوو پەنابەری دیکەی عێراقیدا سەربووردەی جووەکان لە عیراق بۆ رۆژنامەنووسەکە کە بەرنامەیەک بۆ رادیۆیەکی کەلتووری ئەنجام دەدات، دەگێڕینەوە. من لە وردەکاری و درێژەی باسی جووەکانی شاری سلێمانیدا رۆمانی (نیشتیمانی سارا)ی میران ئەبراهام لە کۆڵەپشتەکەم دەردەهێنم و نیشانی وی دەدەم. هەمووان وا دەزانن ئەوە تەنیا رۆمانێکی خەیاڵییە، لە بیر و ئەندێشەی رۆماننووسەکەوە هاتۆتە دەرێ. من بۆیان روون دەکەمەوە کە ئەمە رۆمانێکی مێژووییە بە رووداو و ناوە راستەقینەکانییەوە خۆی دەکاتەوە بە زەمەنی ئەمڕۆماندا تا شتێکی جیاواز و باسلێنەکراومان بۆ بگێڕێتەوە؛ وەکو بەڵگەیەکیش ئاماژە بە ناوی دایکم و خانەوادەکەم لە ناو رۆمانەکەدا دەکەم. یودیت لەگەڵ مندا چاوەکانی پڕ لە ئاو دەبن و توند قۆڵم دەگووشێت، هیوا دەخوازێت لە دەرفەتێکدا خۆی، میران و من لە جێیەکدا دانیشین و دەمەتەقێیەک بکەین.

رۆمانی مێژوویی کلاسیک کە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵدا ئەو راستییانەی دەگێڕایەوە هەمووان لەسەری کۆک بوون. لە کاتێکدا رۆمانی مێژوویی مۆدێرن بە شێوەیەکی رەخنەگرانە دەکەوێتە شەنوکەوکردن و لێپێچینەوەی مێژوو. چیرۆکەکانیشی وەکو گیۆرگ لۆکاچ لە “رۆمانی مێژوویی”دا ئاماژەی پێ دەکات بە قووڵی پەیوەستن بە چارەنووسی خەڵکەوە و ژیانی میللی خۆی دێتە گۆ نەک هەڵوێستی نووسەرەکە. 

لێرەوە دەکرێت بڵێین ئەگەر مێژوو رۆمانێک بێت سەرکەوتووەکان نووسیبێتیانەوە، ئەوا رۆمانی مێژوویی رەخنەگر یان ئەوەی لۆکاچ بە رۆمانی مێژوویی دوای فاشیزم ناوی دەبات نووسینەوەی مێژووە بە گێڕانەوەی شکستخواردووەکان. واتە رووخاندنی چەسپاوە مێژووییەکان کە جگە لە زنجیرەیەک کارەساتی بەردەوام هیچیدیکە نییە. ئەو کارەساتانەی لەم مۆدیلە مێژووگەراییەدا دۆخی ئاوارتەن و زادەی دۆخی لە ناکاون. لە کاتێکدا وەکو بنیامین لە تێزی هەشتەم لە تێزەکان” دەربارەی چەمکی مێژوو”دا دەڵێت” مێژووی شکستخواردووان فێرمان دەکات ئەو دۆخی لە ناکاوەی تێیدا دەژین بنەما و رێساکەیە”(١) .

ئەگەر لەم سۆنگەیەوە شوێنپێی جووەکانی گەڕەکی جوولەکانی شاری سلێمانی هەڵبگرین و گەشتێکی پێچەوانە بە مێژوودا بکەینەوە، ئەوا شاربەدەرکردنی جووەکانی شاری سلێمانی تەنیا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک کارەساتی مێژوویی کە بە سەردەمی دروستکردنی شاری سلێمانی و دەستنیشانکردنی شوێنی نێشتەجێبوونەکەیاندا تێدەپەڕێت و زەمەنی کوشتاری بەنی قورەیزە و بەنونەزیردەبڕێت تا دەگاتەوە سەردەمی نەبوخوزنەسر و وێرانکردنی پەیکەری سولەیمان و بە سەبیگرتنی جووەکانی ئۆرشەلیم. 

لێرەوە بە گشتی دەتوانین بڵێین بوونی جوو بە درێژایی مێژوو بوونێکە لە نێو دۆخێکی لە ناکاوی بەردەوامدا؛ بە تایبەتتر دەمی گێڕانەوەی نێو رۆمانەکەیش بە هەمان شێوە دەمێکە تێیدا کارەسات و دۆخی لە ناکاو بنەما و رێساکەیە و دۆخی ئاساییش ئاوارتەیە. ئایرۆنییەکەیش ئەمەیە ئەو دۆخە لە ناکاوەی لایەنی کەم  بە درێژایی سەدەی رابردوو شاری سلێمانی تێدا گیری خواردووە بۆ جووەکانی شار بووەتە دوو قات. واتە جووەکان وەکو جوو قوربانی دۆخی لە ناکاوی شارێکن کە خۆیشی وەکو شارێک قوربانی دۆخی لە ناکاوە لە وڵاتێکدا. هەڵبەتە بە بەراورد بە دۆخی جووەکان هاوشارییەکانی تر کە زۆرینەیەکی موسڵمانن لە دۆخێکی ئاساییتر و ئاسایشدان.

لەم رۆمانەدا کە لە رێی رووداو و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانییەوە رابردووی پەنهان و تۆزلێنیشتووی شار بە گیان دەهێنێتەوە، بەر دوو پرسیاری گرنگی نەبینراو دەکەوین و پێم وایە وەڵامی بابەتی پێیان دەبنە بەشێکی پێکهێنەری دامەزراندنی وشیارییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی راستەقینەی رەخنەگر. وشیارییەک بە ئاسانی دەرک بە جیاوازییەکانی لەگەڵ وشیاری ساختە و مێژووی هەڵخەڵەتێنەردا دەکات. 

یەکەم: پرسیارکردن لە واقیعی هەبوو بە مەبەستی دەستکەوتنی وەڵامی پرسیارێکی گریمانەیی دەربارەی شێمانەبوونی واقیعێکی جیاوازتر لەوەی هەبووە یان روویداوە (مێژوو بەنزیکەیی سیستەمێکە لە ڕووداو و نواندنەوەی واقیعێکی هەبوو کە ئاراستەکراوە بەرەو ڕابردوو، لە کاتێکدا مێژوویی بە نزیکەیی سیستەمێکە لە ڕووداو و نواندنەوەی واقیعێکی گریمانەکراو کە ئاراستەکراوە بەرەو داهاتوو. ڕەنگە ئەمە وا بکات مەودای نێوان واقیعی هەبوو و واقیعی شیاو هاوشێوەی ئەو مەودایە بێت کە پرسی نووسین لە نێوان واقیع و ئەگەردا کەمی دەکاتەوە(٢). 

ئەم پرسیارە دەمانباتە سەر گومانکردن لەو شوناسەی شاری پێ ناسراوە کە رادەیەکی زۆر لە بەخۆنازین و شانازی بە خەڵکی شار بە مێژوو و رۆڵی شارەکەیانەوە لە کایەکانی سیاسەت، کەلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەخشیووە. 

دووەم: پرسیارکردن لە هەبوونی مۆراڵی بەرپرسیارێتی بەرامبەر یەکتر لە نێوان هاوشارییەکاندا بە بێ لە بەرچاوگرتنی پرسی شووناس. ئەم پرسیارەیشیان دەمانبەتە نێو پرسی گروپ، پێکهاتە و شوناسە جیاوازەکانی ناو سیۆسیۆلۆجیای شار و شارنشینەکان و ئاست و رادەی هەڵکردن و پێکەوەژیان و ئاستەکانی هاوپشتی (Solidarity) نێوان دانیشتووانی شار بە تایبەت لە ساتەوەختە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا.  

مێژوو لە نێوان راستی هەبوو و راستی شیاودا

ئەگەر سەرەتا لەو کۆنسێپتەی بنیامینەوە بۆ فەلسەفەی مێژوو سەرنجێک لە ژیانی شاربدەین، دەبینین فەرمانڕەوای شار و دەسەڵاتی سیاسی عێراق ئەو هێزە سەرکەوتووەی دەرەوی شارن (دەرەوە بە مانا سیاسییەکەی) کە مێژووی ساختەی شارێکی شکستخواردوو دەنووسنەوە. دەسەڵاتی ئایینی، کەلتووری و فیگۆرە سیاسییە خاوەن هەژموونەکانی نەیاری دەسەڵاتیش لە شاردا ئەو هێزە سەرکەوتووەی ناو شارن (سەرکەوتوو بەرامبەر بە پەراوێزخراوەکانی شار) کە بە تەریبی یان لە سێبەردا مێژوویەکی ساختەی دیکە بە شێوەی زارەکی دەنووسنەوە.

دوو مێژوو هەردووکیان یەکدی تەواو دەکەن و پێکەوە دەبنە مێژوویەکی باو. بەڵام هیچ شتێکمان دەربارەی مێژووی راستەقینەی شار پێ ناڵێن و بازی بەسەردا دەدەن، خۆ گەر ناچاریش بن شتێک بڵێن ئەوا یان بە نیوەناچڵی لە بارەیەوە دەدوێن یاخود هەوڵی شێواندنی دەدەن. 

بکەرەکانی ناو ئەم مێژووانە بەشە سەرکەوتووەکەی شارن کە هەموو ئەو کارەکتەرە سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە وا هەژموونیان بەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خەڵکی شاردا هەیە. گووتاری ئەم بکەرانە بەشدارییەکی گرنگ لە داڕشتنی ئەو شوناسەدا دەکەن کە بووەتە تایبەتمەندی شار و تا رادەیەکی زۆریش جێی شانازی هاوشارییەکانی. سیاسەتکاران، نووسەران، رۆشنبیران و هونەرمەندانی ئەمڕۆ درێژەوەبووی هەمان ئەو بکەرانە و نەوەکانی ئەوانن. 

بەڵام بە پاڵ ئەو مێژووە زانراو و باسلێکراوەوە مێژوویەکی دیکە لە خوارەوە (بە پێناسە لۆکاچییەکە بۆ سەر و خواری کۆمەڵگە) هەیە کە بکەرەکانی ناو ئەم مێژووە بەشە شکستخواردووەکەی شارن. بە هەمان شێوە لەمڕۆدا درێژەوەبووی ئەو بکەرانە لە نێو مرۆڤە پەراوێزخراوەکاندا دەبینینەوە. (نیشتمانی سارا) رۆمانێکە دەربارەی مێژووی بکەرە شکستخواردووەکان، ئەو مێژووەی ناخوازرێت باسی لێ بکرێت یان بە دەربڕینەکەی مەحمود ئەمین  ئەلعالم مێژوویەکی خەیاڵبۆکراوە لە ناو مێژوویەکی بابەتیدا (٣).

ئەم رۆمانە مێژووی گەڕەکێکی جوولەکەنشین دەگێڕێتەوە بە پەراوێزی گەڕەکە موسڵماننشینەکانی شارەوە کە دیوارێکی سیمبۆڵی و نەبینراوی بە چواردەورا هەڵچنراوە و بە هەڵکەوتەی لەسەر شیوێکی ئاوەڕۆ و زێرابی شارەوە بووەتە گیتۆیەکی ددانپیاننەراو ( ئەو سنوورەی کە ترس و دوودڵی لەو گەڕەکەدا بەدەوری ئێمەی جوودا کێشابوویان، ل ١١… ئەو دەرد  و بەڵایە هەموو لەو شیوەوە پێمان دەگات، ئەو شیوەی گوو و میزی هەموو خەڵکی شارە و بەناو دەمارەکانی ئێمەی جوودا تێدەپەڕێت!  نیشتمانی سارا ل ٦٩) گەڕەکی جوولەکان بۆنەیەکە بۆ گێڕەرەوە تا بکەوێتە هەڵکۆڵینی یادەوری شارێک و لەوێوە ئەزموونی دانیشتووانەکەیمان لەگەڵ خەڵکی ئەم گەڕەکەدا بۆ بگێڕێتەوە. ئەزموونێک جگە لە هەندێک خاڵی گەش، بە گشتی بۆ دانیشتووانەکەی شەرمهێن و مایەی نیگەرانییە.  

بێگومان گەڕەکی جوولەکان بەشێکە لە سیستمی تەلارسازی شار و خەڵکەکەیشی بەشێکن لە پێکهاتەی سیۆسیۆلۆژی شارەکە. لەوێدا لە گەڕانێکی شوێنکاتی بە ناو شار و دەرەوەیدا ساتەوەختە گرنگ و هەستیارەکانی شارمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەموو ئەمانەیش دەبێت بچنە خزمەت بیرۆکەی سەرەکی رۆمانەکەوە واتە رۆشنکردنەوەی هەلومەرجی ژیانی جووەکانی شار کە بەشدارن لە پێکهێنانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی شاردا. واتە هەم گێڕانەوەی ئازار و کۆژانەکانی جووەکانی شار بە هۆی شوناسەکەیانەوە (پاشان خەیاڵم دەڕوات بۆ ئەو رۆژانەی منداڵ بووم و لەگەڵ دایکم پێکەوە لە گەڕەکی سەرشەقامەوە بۆ گەڕەکی جوولەکان دەگەڕاینەوە، لە بیرم دێت، هەموو جارێک لە لایەن منداڵانی ئەو گەڕەکەوە بەردباران دەکراین، بۆ پاراستنی من لە بەردەکان دایکم لە باوەشی دەگرتم و دەینام بە سنگیەوە، لە بیرم نایەت من بەردێکم بەرکەوتبێت، ئەوسا دایکم لە منی دەشاردەوە و پێی نەدەوتم لە چەند لاوە سەری شکابوو یان جێگای بەردەکان کوێیان شین ومۆر کردبووەوە، بەڵام کاتێک دەگەیشتنە ماڵەوە، دادەنیشت و بێدەنگ و کز لەبەرخۆیەوە دەگریا و نزای لێ دەکردن نیشتمانی سارا ل ٣٦٢ و ٣٦٣). هەمیش باسکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی شار کە مێژوو پێمان ناڵێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا خەڵکی شار بە دەست تاعوون، رشانەوە، گرانی و برسێتییەوە دەناڵێنن و لە تاو مەرگەساتەکانیان ئاگری نەورۆز ناکەنەوە. بەڵام شێخە دەسەڵاتدارەکانی لەگەڵ دەستوپێوەند و تفەنگچییەکانیاندا لە سەرچنار لەسەر خوانی چەور و رازاوە دانیشتوون. ئەمە هێزی رۆمانی مێژووییە کە پێمان دەڵێت دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆ وێنەی خۆیان لە پۆرترێتی دەسەڵاتدارەکانی دوێنێ خواستووە. وەک چۆن دیمەنە ئاپۆراییەکانی ساڵانی دوای راپەڕین، چەپڵە کوتین بۆ سەرکردەکان و تەنانەت لاساییکردنەوەیان لە شێوازی بەرگپۆشین و رەفتارەکانیاندا وێنەکانی خۆی لەو خۆپیشاندەرانەی شارەوە وەردەگرێت کە لەو رۆژانەدا هاشێوەی هیتلەر سمێڵ دادەنێن. ئەم تەوژمەش هەر بەتەنیا هاوڵاتییە سادەکان ناگرێتەوە، بەڵکو گێڕەرەوە لە زمانی پیرەمێردی شاعیرەوە لە باسی شاری سلێمانیدا دەڵێت (هەرچ کەسێک ئەبینیت سمێڵێکی هێتلەری داناوە و گۆرانی بە باڵای هێتلەردا دەڵێت، جا ماڵوێرانییەکە لەوەدایە هەموو چین و توێژەکانی گرتۆتەوە، تەنانەت نووسەرو رۆشنبیرەکانیشمان هەموو خۆیان بە قەومی ئاری دەزانن. نیشتمانی سارا ل١٧٨) بێگومان لە دۆخێکی وادا قوربانی یەکەم جووەکان دەبن و هەر وایش بوو. 

سەرەتا جووەکان بە هۆی شوناسی ئایینییەوە لە لایەن خەڵکی موسڵمانەوە دەچەوسێنرانەوە و لە لایەن شێخەکان و دەستڕۆیشتووەکانیشەوە بە ناوی پاراستنیانەوە پارەیان لێ دەستێنرا. پاشانیش ناچار دەکران بەوەی سەرانە بدەنە دەوڵەت وەکو پشتیوانییەک لە (شۆڕشی) رەشید عالی گەیلانی، ئەو سەرەکوەزیرانە شۆڤینیستەی بە ئاشکرا لایەنگری هیتلەر و نازیزمی دەکرد، و بگرە لەو خۆپیشاندانانەی کوردەکان و شۆڤینیستە عەرەبەکان رێکیان دەخستن(لە ترسی ئەوەی بە نۆکەری ئیمپریالیزم و ئیسرائیل تاوانبار نەکرێین بەشدار دەبووین، لەبیرم دێت لە خۆپیشاندانەکاندا … راستەوخۆ سۆزی خۆیان بۆ هیتلەر دەردەبڕی. ن س ل١٨٣ ) تا کار دەگات بەوەی لە سەری ساڵی نوێی ئایینی جوودا و هاوکات لەگەڵ پرۆسەی فەرهود لە بەغداد، زیاتر لە دووسەد کەس بە خۆپیشاندان لە ناو بازاڕی شاری سلێمانییەوە بەرەو گەڕەکی جوولەکان بە ڕێ بکەون تا(تۆڵەی برا موسڵمانە فەلەستینییەکانتان لێ‌ بسەنین! .. ن س لاپەڕە ٢١٨) خۆ ئەگەر لە دوایین چرکەساتەکاندا سۆفییەکانی هەورامان بە فریایان نەکەوتبان ئەوا فەرهود لە سلێمانیشدا رووی دەدا.   

زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان بە پاڵ پێدراوە ماددی و مێژووییەکانەوە زەمینەیەکی باش بۆ بەرهەمێکی ئەدەبی دەڕەخسێنن تا سەرنجی خوێنەر بخاتە سەر شتە ورد و نەبینراوەکان، پرسیار لەسەر دیاردەگەلێکی ورد و هەستپێنەکراو یاخود شتگەلێکی ناباو کە لە بیری گشتیدا بووتە باو بورووژێنێت.

(نیشتمانی سارا) ئاستی سەرنج و پرسیارکردن دەباتە سەر هەندێک رووداو کە لە ناو خەڵکیدا بە شێوەیەکی ئاسایی و باو سەرنجی دراوە. پرسیارگەلێکی جاڕسکەری مۆراڵی سەبارەت بە مرۆڤی بەرپرسیار و پابەند دەوروژێنێت کە جەستەی مرۆڤ لە ئاستیاندا گەرم دادێت. بۆیە ئاسانترین شت بە لای زۆربەی خەڵکەوە خۆ دزینەوەیە لێیان. لە کاتێکدا ئەو مێژووە باس لە راستییەکی هەبوو دەکات. شاردنەوە و نکوڵی لێکردنی یاخود گومانکردن لێی هیچ لە راستییە مێژووییەکە ناگۆڕێت. بە پێچەوانەوە گومانکردن لە راستی رووداو و تراژیدیاکانی ناو رۆمانەکە یان پاساوهێنانەوە بۆ بێهەڵوێستی یاخود هەڵوێستی خراپی خەڵکی شار، ترسە لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری مۆراڵی بەرپرسیارێتی نەک تەنیا بەرامبەر بە رابردوو بەڵکو بەرامبەر ئێستا. واوەتر لەوەیش گومان و نکۆڵیکردن نیشانەن بۆ ویستی تێنەپەڕاندنی ئەو مێژووە و مانەوە تێیدا، وەکو ئەوەی بڵێیت ئەگەر مێژوو دووبارە ببێتەوە هەر هەمان هەڵوێستم دەبێت.

ئەڵمانەکان بەردەوام باس لە مێژووی نازیزم و قوربانییەکانی دەکەن. سەرباری مێژووە پڕ شەرمەزاریەکەیان بەڵام دەخوازن بە هەڵدانەوەی بەردەوامی پەڕەکانی ئەو مێژووە رێگر بن لە دووبارەبوونەوەی مێژووی نازیزم. بە دیوەکەی تریشدا دەکرێت بڵێین لە رێی باسکردن و رەخنەلێگرتنەوە خۆزگەیەکی مەحاڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەو واقیعە وا نەبووایە یا بە جۆرێکی تر بووایە. ئەمەش کردنەوەی دەروازەیەکە بە رووی وشیاریدا تا لە پێناو گەیشتن بە واقیعێکی شیاو بە دوای شێمانە مێژووییەکاندا بگەڕێت.

دووەم مۆراڵی بەرپرسیارێتی لە رووداودا

کۆچپێکردنی بە زۆرە ملێی جووەکان لە بەردەم مۆراڵ و بەرپرسیارێتیدا

مرۆڤی تەندروست لە کاتی بینین یان بیستنی تاوان یان کارەساتێکدا ئەندێشەی لە هاوکێشە باوەکەی بکەر(جەللاد) و قوربانی واوەتر دەڕوات و بیر لە ئەگەرەکانی هەبوونی کەس یان رەگەزی سێیەم دەکاتەوە. واتە بیرکردنەوە لە هەبوونی هاوپشتی، ئەمەش ئەگەر سەرەتا وەکو فریاگوزارییەکی خێرا بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی زیان و قوربانییەکان بێت، ئەوا ئامانجە دوورمەوداکەی چەسپاندنی مۆراڵی مرۆیی و رێگرتنە لە ئەگەرەکانی  دووبارەبوونەوەی کارەسات لە ئاییندەدا. مەبەستێتی  بە جەللاد یان بکەرەکە بڵێت ئەم هاوکێشەیە بە تەنیا لە تۆو قوربانی پێک نەهاتوون، بەڵکو کەسێکی تریش لێرەیە. بە جەللادە گریمانکراوەکانی ئاییندەیش بڵێت مۆراڵیکی مرۆیی لێرە چەسپاوە و ناتوانیت بە ئاسانی تاوانەکەت ئەنجام بدەیت. بە دیوەکەی تریشدا پرسی هەبوونی پشتیوانی لە کاتی کارەساتدا، پرسە دەربارەی ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و مۆراڵی مرۆیی لە کاتی رووداودا.

شاربەدەرکردنی جووەکان لە سلێمانی، بە پێی بڕیاری حکومەتی عێراقی، دیوێکی تری مۆراڵی خەڵکیمان نیشان دەدات کە لە جیاتی نواندنی ئەکتێک یان هەڵوێستێک بۆ پشتیوانی لە هاوشارییەکانی  دەکەوێتە هەڵپەکردن بۆ کڕینەوەی کەلوپەلەکانیان، پاشان خولیای دەستخستنی خانوو و موڵکەکانیان و دواجار بە هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان و گەڕان بە نێو ئێسک و پروسکی مردووەکاندا بۆ دەستکەوتنی خشڵ و زیو کۆتایی دێت. وەک ئەوەی بەو کارە ئامانجەکەی دەوڵەت لە سڕینەوەی تەواوی ئاسەوارەکانی هەبوونی جوو لە یادەروەریدا جێبەجێ بکات. لە هەوڵێکی تەواو پێچەوانەدا سارا دەبینین لە زیندەخەونیدا خەریکی کۆکردنەوەی ئێسک وپروسکی ئەو مردووانەیە کە زریانی شەڕی شوناس لە نێو گۆڕەکانیانی دەرهێناونەوە، وەکو هێمایەک بۆ کۆکردنەوەی رابردووی جووەکان وئامادەکردنەوەیان لە نێو یادەوەری ئێستادا. ئەمەیش لە دۆخی ئەو فریشتەیەی ناو تابلۆیەکی پۆل کێلیە بە ناوی (فریشتەی نوێ) دەچێت کە بنیامین ئەو تابلۆیەی لە هونەرمەندەکە کڕیووە ، لە پەرەگرافێکی تێزی نۆیەمی (فەلسەفەی مێژوو)دا دەڵێت (لەو شوێنەی دەرکەوتنی زنجیرەیەک ڕووداو دەبینین ئەو یەک تاکە کارەسات دەبینێت کە بێ وەستان داروپەردوو لەسەر داروپەردووەکان کەڵەکە دەکات و لەبەردەم پێیەکانیدا فڕێی دەدات. ئەو حەز دەکات بۆ ساتێک بمێنێتەوە تا مردووەکان بەئاگا بهێنێتەوە و پارچە شکاوەکان پێکەوە بنووسینێتەوە (٤) .

لە کاتێکدا رۆرێک لە لێکۆڵەران هۆکاری نەبوونی مۆراڵی بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵگەکانی رۆژئاوادا لەهەمبەر هۆڵۆکۆستدا دەگەڕێننەوە بۆ هەژموونی عەقڵانییەت، بیرۆکراتییەت، ئایدۆلۆژیای دامەزراوەیی و … هتد بەڵام خۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراویش کوردستان و سلێمانی ئەو سەردەمانە هێشتا لە نێو ژیانێکی نیمچە دەرەبەگی و نیمچە سەرمایەداریدا بوون . کەلتوورو ترادیسیۆنی جووتیارییانەی بەر لە سەرمایەداری زاڵ بوو کە خاوەنی نەریت و کەلتوورێکی کۆڵەکتیڤ و مۆراڵییە و گیانی هاوکاری، پشتیوانی، بەتەنگەوەبوون و بەرپرسیارێتی سیمایەکی گرنگی ئەو نەریتەیە. لێرەوە دەکرێت ئەو بێباکی و نابەرپرسیارێتییەی خەڵکی شار بەرامبەر بە تراژیدیای هاوشارییە جووەکانیان تەنها بۆ جیاوازی شوناس بگەڕێنینەوە. بە مانایەکی دی تاوانی جووەکان لە عێراقدا تەنیا ئەوە بوو لە نێوان دوو نەتەوەی شوانکارە و نامێژوویی پلیشێندراوی کورد و عەرەبدا گەلێکی نانەتەوەیی بوون و تێکەڵاوبوونیان(ئینتگراسیۆن) لەگەڵ ئەم دوو نەتەوەیەدا ئاسان نەبوو (ئێمەی جوو، ئەبەد وەکو دۆست یان هاوڕێ قبووڵ ناکرێین، ئەگەر زۆر پیاو خراپیش بین، ئەوا بە موسڵمانبوونمان هەموو بێڕەوشتی  و ناشیرینییەکانمان چاوپۆشی دەکرێن! ن س ل ٣٤)  .

نەمانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای عوسمانی و دابەشکردنی میراتییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهان پاشان دەسەڵاتی ئینتیدابی ئینگلیزی و فەڕەنسی لە ناوچەکەدا رێخۆشکەر بوون بۆ:

یەکەم: چەکەرەکردنی بیری نەتەوەیی و دامەزراندنی پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوە. دووەم: سەرهەڵدانی جووڵانەوەی دژە کۆڵۆنیالیزم. دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیش بناغەی ناکۆکییەکی شوناسگەرایی لە نێوان کورد وعەرەبدا داڕشت کە تۆخکردنەوەی شوناسی ئیسلامی لە نێو شوناسە نەتەوەییەکەدا خاڵی هاوبەشی هەردووکیان بوو. ئەمەیش خۆبەخۆ باوەڕدارانی ئایینەکانی تری وەکو جوو، مەسیحی، یەزید و سابیئەی مەندائییەکان دەخرێنە کەناری ئەو شوناسەوە کە ئەم پرۆژە بە ناو نەتەوەییانە دروستیان کردووە. لێرەوە جووەکان  لە ناو هۆشی زۆرینەی کورددا نە کوردن و نە کورد نین هەرەوەها مەسیحی و یەزیدییەکانیش ( ئەمە بە هەمان شێوە لە نێو عەرەبەکانیشدا هەر وا بووە) جا با بە کوردیش قسە بکەیت، با سێ هەزار ساڵیش بێت لەسەر ئەم خاکە بژیت و بەشداریش بووبیت لە دروستکردنی شاردا، مادام تۆ جوویت یان مەسیحیت و منیش  موسڵمانم کەوایە من و تۆ غەریبین بە یەکتر و تۆ لە نێو ئەو شوناسە نەتەوەییەدا کە لە خەیاڵدانما بۆ خۆمم دروستکردووە جێت نابێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا تۆ برای ئێمەیت( “ئێمەی کورد هەردەم هاوخەمی ئێوەی جوولەکەین!” باوکم راستی دەکرد” ئەم موسڵمانانە وا دەزانن کوردبوون بەرگێکەو تەنها بە باڵای ئەواند بڕاوە” ن س ل ٣٦٢).

 ئەگەر لەو کارەساتە گەورانەی سەدەی بیستەوە سەرنج بدەین کە لە عێراقدا بەسەر جوو و مەسیح و یەزیدییەکاندا دێت، دەبینین هەردوو نەتەوەی عەرەب و کورد بە رادەی جۆراوجۆر بەشدارن تیایدا. وەکو کوشتاری بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکان لە موسڵ کە کوردەکان بەشدارییەکی گەورەی تێدا دەکەن یان فەرهوودی جووەکان لە بەغداد کە لە لایەن عەرەبەکانەوە ئەنجام دەدرێت. یاخود لە باشترین حاڵەتیدا لە لای هیچکام لەم دوو نەتەوەیە نابێتە کارەسات یان تراژیدیایەکی نەتەوەیی و هیچکامیان وەکو ستەمێکی نەتەوەیی لەسەریان هەڵ نادەنێ و بەرگریان لێ ناکەن وەکو بە زۆرناردنەوەی جووەکان بە زۆر لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل ( لیڤیناس پێی وایە ” بوون لەگەڵ ئەوانی دیدا” کە سیفەتە سەرەتایی و ئەزەلییەکەی مرۆڤە بەر لەهەر شتێك واتە بەرپرسیارێتی. ” بەوەدا کە ئەوی دی تەماشام دەکات، کەوایە من بەرپرسیارم لێی، تەنانەت ئەگەر تەواوی بەرپرسیارێتییە تایبەتییەکانیشیم نەخستبێتە ئەستۆی خۆم.”) (٥). لێرەدا هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەویتر سنووری پەیوەندییە نزیک و ناسیاوییەکان و پەیوەندییە مەبەستگەراکانیش تێدەپەڕێنێت و دەچێتە ئاستێک کە تەنیا پێکەوەبوون بەسە بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی. بەرپرسیارێتییەک وەکو باومان ئاماژەی پێ دەکات مەرجدار نییە بە ناسین، بەرژەوەندییەکی تایبەت یا تەنانەت کۆنسێپتی پاداشت و سزا. لەسەر ئەوەیش ناوەستێت داخۆ ئەم بەرپرسیارێتییە قەبووڵ دەکرێت یان رەت دەکرێتەوە، پێت دەکرێت یان نا، بەڵکو نیشاندانی ئامادەییە بۆ ئەنجامدانی ئەکتێک و پێی بڵێیت ” ئەوەتام” (٦). لە شاری سلێمانیدا ئەوانەی هەڵوێستێکی مرۆییانەی لەم جۆرەیان هەبوو بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. هەر بەشێکن لە مرۆڤە شکستخواردووەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە ئەوانەی وەکو باومان پێیان دەڵێت ” ئەو مرۆڤە چاکانەی یارمەتی قوربانییەکانیان دا بە سروشت و فیترەتی خۆیان رەفتاریان دەکرد، ئەوان توانیان خۆڕسکانە بەرەنگاری دڕندەییەکانی زەمەنەکانی خۆیان بکەن” (٧).

رەنگە بە دەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵ و سیستماتیک سەبارەت بە مۆراڵی بەرپرسیارێتی رێخۆشکەر بێت بۆ گەییشتن بە وەڵامی پرسیاری چۆنێتی تێکشکاندنی ئەو بازنە مێژووییەی کورد بەردەوام لەناویدا دەخوولێتەوە.

چەپ و جوو حیکایەتی ئەڤیندارییەکی شاردراوە

وەکو ئاماژەمان پێیدا جووەکان جووەکان بەشداری هەمەلایەنە لە ژیانی ئابووری، کەلتووری و سیاسیدا دەکەن. بەڵام بزووتنەوەی چەپ ئەو چوارچێوە سیاسییەیە کە جووەکان رۆڵی بەرجەستەی  تیا دەبینن و  بگرە لە حزبی شیوعی عێراقی(حشع)دا تا ئاستی سەرکردایەتی و سکرتێری حزبیش دەچن. لە ساڵی  ١٩٤٥دا حشع کۆنگرەیەکی گرنگ لە ماڵی جوویەکی کۆمۆنیست لە بەغداد بە ناوی یەهودا سدیق دەبەستێت و یەهودا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزب هەڵدبژێردرێت. دوو ساڵ دوای ئەوە، واتە لە ساڵی ١٩٤٧دا و دوای دەستگیرکردنی هەرسێ سەرکردەکەی حزب فەهد، حازم و سارم، یەهودا بە پراتیکی دەبێتە سکرتێری حزب و جووڵە وناڕەزایەتییەکانی ئەو سەردەمە رێبەرایتی دەکات(٨) . ئەم کێشکردنەی جووە چالاکەکانی ناو سیاسەت لە لایەن چەپەوە، پەیوەندی بە ئایدیاکانی ئەمەی دوواییەوە هەیە لە یەکسانی ، نەبوونی جیاکاری ئایینی و نەژادی و کۆمەڵایەتی. جووەکانیش بە شوێن ئەو ئایدیا یونیڤێرساڵییانەوە بوون کە خەباتیان بۆ رزگاری مرۆڤ لە دەستی ستەمی ئایینی و نەژادی و …. هتد  دەکرد. ئەوان خوازیاری ژیانێک بوون تیایدا ئایینێک یان نەتەوەیەک بەسەر ئەوانیتردا باڵادەست نەبێت. لە رۆمانەکەدا چەند ئاماژەیەکی لەو جۆرەی تێدایە؛ کتێبی (سەرمایە)ی مارکس نموونەیەکێتی.

 لە کوردستان هەندێک لە جووەکان بە مەبەستی دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی کە ئایین رەگەزە پێکهێنەرەکەی نەبێت هەوڵی بوژاندنەوەی جووڵانەوەی خەڵتووز دەدەن. باپیرە خایم و سالاریەعقوب، هەر یەکە بە جیا، لە رێگەی حشع و کۆمەڵەوە شوێن یۆتۆپیایەک دەکەون کە لە ناویدا هەمووان وەکو مرۆڤ و بە بەهای مرۆییەوە بژین. بەڵام وەکو زیگمۆند باومان ئاماژەی پێ دەدات ئەم نەرمی و تواناییەی جووەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتەکاندا لە جیاتی ئەوەی جیاوازییەکان لە ناوبەرێت و دەستەواژەکانی ئێمە و ئەوان، موسڵمان و ئەهلی زیمە و… هتد بسڕێتەوە و ئینتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات، دەیانکاتە ( ماشینێکی بەتاڵ کە دەکرێت تەواوی ئەو نەفرەتانەی (ئەوانی) پێ تاوانبار بکرێن هەڵ بگرێت)(٩) .

گرفتەکە ئەوەیە جووەکان بە دەوڵەمەند و سەرمایەداریانەوە، بە کۆمۆنیست و چەپیانەوە وەکو یەک سەیر دەکرێن و بە سەرچاوەی پیلانگێڕی و ئاژاوەکانی دونیا دادەنرێن. ئەوە باسی ئەدەبیاتی نازیزم مەکە کە پڕە لەم ئایدیا ناکۆکانە. لێرەدا ئێمە لەبەردەم جووەیەکی و‌ێناکراوداین کە لە خەیاڵدانی ئەوی تری موسڵماندا هەیە، جووی نێو ئەم وێنایە دیندارێکی جیاواز نییە کە بوویەکی راستەقینەی مرۆیی هەیە و لە پەیوەندییەکی ریشەداری ئۆرگانیدایە لە نێو کۆمەڵگەدا لە بزاوت و کار و کارلێکدایە. بەڵکو بوونەوەرێکی ژێرەوبڕ و پیلانگێڕە، ئایدیای رووخێنەری هەیە و هۆکاری دووبەرەکی و ئاژاوەیە. جووەکان لە یەک کاتدا هەم دەردەپەڕێنرێن و بە زۆر رەوانەی ئیسرائیل دەکرێنەوە چونکە بە کورد و عێراقی دانانرێن، هەمیش بە زایۆنیست و زەوتکەری خاکی فەلەستین دادەنرێن. ئەم دژیەکی و ناکۆکییە هێندەی پەیوەندی بە جووە وێناکراوەکەوە هەیە، پەیوەندی بە هەقیقەتی کارەکتەری جووەوە نییە.  ئەوەیش لە دوای دۆڕاندنی عەرەبەکان لە جەنگەکەیان دژ بە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دا دەستەواژەی (جووەکان برای شیوعییەکانن) لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بڵاو دەبێتەوە حزبی شیوعی عێراقی ناچار دەکات لە ئەدەبیاتەکەیدا خۆی لە ناوهێنانی سەرکردەکانی وەکو يەهودا سديق، ساسۆن دەلال، شائۆل تەويق وياقوب كۆهين بپارێزێت، هەر لەو وێنایەوە هاتووە کە جووەکان پیلانگێڕن و کارکردن لەگەڵیان یاخود جێکردنەوەیان لە ناو رێکخراو و حزبدا بەشداریکردنە لە پیلانەکانی جوو و ئیسرائیل (١٠).

هەر ئەم تیۆری پیلانگێڕییە بووەتە بنەمای تێگەیشتنێکی هەرە کۆمیدیی دونیای ئیسلام  کە تێیدا ئیسلامییەکان بە مەبەست وشیاری خەڵکی سادە و بێئاگای پێ چەواشە دەکەن کاتێک دەڵێن مارکس جوو بووە بۆیە دژایەتی ئایینی کردووە. لە کاتێکدا مارکس جگەلەوەی فەیلەسوفێکی ماتریالیست بووە، هەروەها بە خستنەرووی ئایدیا و رەخنە فەلسەفییەکانی لە ئایین بە یەک ئەندازەی دووری بەرامبەر هەموو ئایینەکان وەستاوە.

ئەگەرچی چەند گێڕەرەوەیەک زمانی ناوەوەی رۆمانەکە پێک دەهێنن، بەڵام ئەمە نەیکردووە بە رۆمانێکی فرەدەنگ بەو مانایەی فرەبێژەکان لەو رێگەیەوە گوزارشت لە ئایدیا، فەلسەفە و هەڵوێستە جیاوازەکانیان دەربارەی جووەکان بکەن. بەڵکو گێڕەرەوەکان هەموویان سەربە یەک ئایدیا و گوتارن. لێرەدا ئێمە گوتەی کارەکتەرە جیاوازەکان لە رێی دیالۆگەوە وەکو شێوازێکی فرەگێڕانەوە ئەژمار ناکەین، چونکە وەکو باختین ئاماژەی پێ دەدات ئەمە لە هەموو رۆمانێکدا بەکار دەهێنرێت. لە هەر بەشێکدا گێڕەرەوەیەک هەیە کە لە هەندێکیاندا کارەکتەرێک دەدوێت وەکو سەرەتاکەی بەشی یەکەم کە کۆی بەشەکە زمانی گێڕانەوەی (باپیرە خایمە) سەرەتاکەیشی هەر وایە؛ یاخود سەرەتای بەشی چوارەم دابڕان کە سالار بە زمانی گێڕەرەوەی کەسی یەکەم دەدوێت. بەڵام لە سەرەتای بەشەکانی دووەم نیشتمانی من، سێیەم یاداشتەکانی سارا و پێنجەم گەڕانەوەدا نووسەر بە زمانی خۆی دەربارەی ئەوانی دی دەدوێت. لە بەشی یەکەمی رۆمانەکەدا گێڕانەوە سیمای رۆمانی ژیاننامەیی پێوە دیارە وەک لە رۆمانی مێژوویی کە لەم ژانرەدا وەکو باختین ئاماژەی پێ دەدات لە جیاتی ئەوەی پاڵەوان بە تایبتمەندێتی جیاواز و پەتییەوە دابڕێژرێت، پاڵەوانێکی نەگۆڕ و ئامادەکراومان هەیە بە باشی و خراپییەکانییەوە، کەلە جیاتی ئەوەی رووداوەکان بیکەنە پاڵەوانێکی جیاواز چارەنووسەکەی دیاری دەکەن (١١).

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی رۆمانی فرە گێڕەرەوە ئەوەیە دەرفەت بە نووسەر دەدات دەمی گێڕانەوە تێکبشکێنێت و دەستبەرداری پابەندێتی بە هێڵی راستی گێڕانەوە، واتە سەرەتا و کۆتایی ( کە لە رۆمانی باودا هەیە) ببێت.  وای بۆ دەچم نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە گرنگە لە (رۆمانی نیشتمانی سارا) دا بە هۆی ئەوەوە بێت نووسەر هێندە چاوی لەسەر مێژوویەکی دیاریکراوە و وەک بڵێی بیرۆکەی رۆمانەکە تەنیا لە پێناو گێڕانەوەی رووداوگەلێکی مێژووییدا بن، کەمتر چاوی لەسەر شێواز و تەکنیکی گێڕانەوەیە. ئەمەیش شێوازی گێڕانەوەی تا ئاستی گێڕانەوەیەکی پەتی نزیک بە یاداشت بردووە. خاڵی بەهێزی ئەم شێوازەش ئەوەیە دەسەڵاتی نووسەر سنووردار دەکات و رێگەی لێ دەگرێت درێژدادڕی بکات، بە زمانی کارەکتەرەوە بدوێت و ئایدیاکانی خۆی بترنجێنێتە نێو دیالۆگ و مۆنۆلۆگەکانیانەوە. بەڵام خاڵە لاوازەکەی  ئەوەیە دەرفەت بە فەنتازیا وئەندێشەسازی نادات و شیعرییەتی زمانی تێدا ون دەبێت.

حه‌سه‌ن حسێن/ به‌رلین

24.5.2022


پەراوێزەکان:

.  الغیریة المقهورة أو التأریخ الأخر من منظور فالتر بنیامین ،  د. بلعالیە دومە میلود http://kalema.net/home/article/print/1125

.مدخل الی الروایة التأریخیة، عبدالله الخطیب http://www.odabasham.net

. هسپ

.https://www.marxists.org/reference/archive/benjamin/1940/history.htm

. زیگموند باومان الحداثة و الهولوکوست ترجمة حجاج ابوجبر و دینا رمضان ص ٢٨٢.

. هسپ ل ٢٨٢.

. هسپ ل ٥٦.

.بين العراق ويهوده السّابقين: عندما لا يكون الحنين مجدياً عقيل عباسhttps://www.annaharar.com

زیگموند باومان الحداثة و الهولوکوست ترجمة حجاج ابوجبر و دینا رمضان ص ١١٧

10. ين العراق ويهوده السّابقين: عندما لا يكون الحنين مجدياً عقيل عباس   https://www.annaharar.com

11. جمالیة الإبداع اللفظي، میخائیل باختین ص ٢٤٠.


سەرچاوەکان:

جگەلەو سەرچاوانەی لە پەراوێزەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە

. جورج لوکاش الروایة التأریخیة، ترجمة د. صالح جواد الکاظم.

. میخائیل باختین الخطاب الروائي، ترجمة محمد برادة.

. جدلیة العلاقة بین الروایة و التأریخ . د سوسو مراد یوسف ابو عمر، مجلة کلیة التربیة جامعة الدمنهور.

. الروایة التأریخیة ، سعید یقطین، https://alarab.co.uk


سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی مینێرفا