“چیرۆکەکانی با” سەمایەکی مۆدێرن بۆ ئازارەکانی ژیان

,

نووسینی: ئاراس عارف


لەم ماوەیەدا ناوەندی کەپر بۆ بڵاو کردنەوە، کتێبێکی تازەی شانۆکار “دانا ڕەئووف” (چیرۆکەکانی با)ی بڵاو کردۆتەوە، کە دەقێک لە دە دیمەن و دوو سێینە لە خۆ دەگرێت، تێکڕای کتێبەکە نزیک ٤٠٠ لاپەڕەیە.

دانا ڕەئووف لەم کارە نوێیەدا بە شێوەیەکی زۆر ساکار و ڕۆژانە، لە هەمان کاتدا تا ئەوپەڕی قووڵبونەوە و کردنەوەی گرێ کوێرەکانی ژیان لەنێوان ژن و پیاو و منداڵدا، ڕەوشەکان لە چەندین وێنەدا بەرجەستە دەکات. دانا ڕەئووف هەر لە یەکەم دەقی کتێبەکەوە، کە “چیرۆکەکانی با“یە بە شێوازێکی پڕ لە ئەزموون و ڕەچاوکردنی پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان کەسایەتییەکان و کارتێکردنی چارەنووسی ژیان لەسەر مرۆڤەکان کار دەکات. گەڕانەوە بۆ یادگارییەکان و ڕۆژانی لە دەست چوو، گەڕانەوە بۆ خودی خۆ، گەڕانەوە بۆ هەڵوێستەکانی مرۆڤ و ئاکامەکانی گومڕاهی و دوودڵی و هەست بە گوناه کردن، ڕێچکەی ژیانی کارەکتەرەکان دەست نیشان دەکات. زۆرجاریش گوناهی بێ تاوان، گوناهی بێ مەبەست و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ لە ئاستی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا، ئەمەمان وە بیردێنێ، کە مرۆڤ چەندە بێ دەسەڵاتە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت چەندە دڵرەقیش بێت. مۆسیقا و ڕیتمی بەردەوامی ئەم خەمی تەنیایی و خەمی بوونە لای دانا، شاکارەکەی کۆمپۆسیتۆری بەناوبانگی ئیتاڵی (تۆماسۆ ئەلبینۆنی) “ئەداگیۆ-م”١ بیردەخاتەوە، کە بۆ ئۆرکێسترای ژێی نووسیوە. بەڵام ئێستا دەگوترێت “ئەداگیۆ” نووسینی مۆسیقاناس و ئاوازدانەری ئیتاڵی ریمۆ گیازۆتۆ-یە.

“چیرۆکەکانی با” و وێنا شیعری و دیدە درامییەکەی زۆر لە هەڵچوون و داچوونی ئەم ئەداگیۆیە دەچێت، کە کاتێک کەمانچەکان جار جارە میلۆدیە سەرەکییەکە دەژەننەوە. ئەو میلۆدییە ئەداگیۆییە بەرجەستەی تەنیاییەکی جەرگ بڕ دەکات، کە دەمان گێڕێتەوە بۆ یادگارە تاڵ و شیریینەکان؛ ئا لەم وێنا شیعریەدا دانا ڕەئووف توانیویەتی پێناسەیەکی جوان بۆ جوانیی ژیان، بۆ خۆشەویستی و بۆ بێهودەیی هەموو بوون بکات. هەڵبەت بە مانا قووڵە فەلسەفی و مرۆیی و سایکۆلۆژییەکەیەوە، کە لەو خەمە زۆر گەورە و گرانە خۆی دەبینێتەوە، کە دانا باسی دەکات. هەم فرمێسکە و هەم خەندە؛ هاتنە خوارەوەی فرمێسک بەسەر لێوێکی لەرزۆکی زەردەخەناوییەوە، یان قەتیس دەمێبێت یان دەکەونە سەر زەوی و دەیبەستێ.

ژن

لە دوای تۆ هەموو شتێک تاریک، بێدەنگ و ساردە.

(ڕووناکی کز دەبێ.)

دنیا بە جۆرێک سارد دەبێ

بەرلەوەی دڵخۆشییەکە ببێتە خەندەیەکی گەش و

بەسەر لێوەکانەوە بنیشێ

دەیبەستێ.

(بە تەنیا لەگەڵ بادا، ل٤٠٤)

دانا ڕەئووف وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات بە زمانێکی شیعری دەقەکانی نووسیوە و بەرگێکی شیعری بەسەرتاپای دراماکەدا پۆشیوە، هەڵبەتە بۆیە “سان” لە “چیرۆکەکانی بادا” دەڵێت:

 

سان

دەزانی هەموو شتێک دەتوانێ ببێ بە شیعر. دەکرێ هەموو شتێک شیعر بی.

 

ساندرا

شیعر؟

 

سان

من و تۆیش. بارانەکەیش کە دەبارێ شیعرە. مردن و ژیانیش. هەموو شتێک شیعرە. چەند سەیرە لە شیعردا بژیت، وابزانی شیعری.

(چیرۆکەکانی با، ل١٨)

چەند جوانە ئەم شیتەڵەی نووسەر بۆ بەرجەستەکردنی ژیان بە شیعر، بە هەموو ماناکانییەوە، بێگومان ئەم زمانە شیعرییە لە هەموو دیالۆگەکاندا بەدی دەکرێت، کە لە ڕێگەییەوە دەروونی کەسایەتییەکانمان بۆ دەکرێتەوە.

لە ڕێچکەی بەردەوامی ڕووداوەکانی دەقەکانی نێو “چیرۆکەکانی با“دا، “کات” گەمەیەکی ژیرانەی لەگەڵدا کراوە، تەمەن و کات بەراورد بە ڕووداوەکان تووشی بەرلێککەوتنێکی بەردەوام دەبن. ئێ خۆ خودی کات هەرگیز نەیتوانیوە ئاستەنگەکانی ژیان بەلاڕێدا بەرێت. کاتێک کە چارەنووس مۆرکی خۆی لەسەر ڕۆژ بە ڕۆژی تەمەن جێ دەهێڵێت، چیی تر “کات” لە بێ مانایی بوونیدا هەموو چرکەساتەکانی دەداتە دەست “با”. هەروەک لە تەمەنە جیاوازەکانی (ژن و پیاودا) ڕووداوەکان، دیالۆگەکان، هەستەکان بە هەمان شێوە دووبارە دەبنەوە، بێ ئەوەی کات هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕێچکەی ئەم ڕووداوانە هەبێت. دانا ڕەئووف بەردەوام مامەڵەیەکی ووردی لەگەڵ کاتدا کردووە، بۆ نموونە لە “وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت“، بە تایبەتیش لە ڕێچکەی ژیانی کارەکتەری (سیامەند و نەشمیلی کچی)دا؛ لای سیامەند بەجێ هێشتن و نامۆبوون و ترس لە ڕابردوو، ترس لە ئایندە، مۆتەکە و ژنێکی ڕەشپۆشی ناشرین و خەو بینین بە مردووەکانەوە دەبینین. سیامەند بە ئازادی بە نێو زەمەندا لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا، لە پڕ لە ئێستاوە لەنێو ڕابردوودا دەردەکەوێتەوە، تا سەرلەنوێ لە وێنەیەکی تردا لە ئێستادا بە تەنیا، یان لەگەڵ “نەشمیل”دا ڕووداوەکانمان بۆ ببەستێتەوە بەیەکەوە. دایک و باوک هەمیشە ئامادەییان لە ژیانی ئێستای کارەکتەرەکاندا هەیە. بۆ نموونە لە کەسایەتی سیامەند لە (وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت) کارەکتەرەکان هەمیشە چالاکانە لە دەرەوەی کات و شوێن و وەک (وڕێنە) بەسەرهاتەکانی خۆیان و تەنانەت خەونەکانیشیان بۆ یەک یان زیاتر بڵێین بۆ (خودی خۆیان) دەگێڕنەوە، وەک بڵێی هەرکەس ئەوەندە سەرقاڵی بەسەرهات و کێشەکانی خۆیەتی، زۆرجار گوێی لە بەرامبەرەکەی نییە و دووبارە و سێ بارە پرسیارەکانی دەووترێنەوە و بە ئاستەنگ لێک تێدەگەن.

خەمبارییەکی جوان بە سەرتاپای چیرۆکەکانی با-وە دیارە، ئەم خەمبارییە زۆر سروشتی و مرۆییە، بەڵام دەربڕینی چەند ئاستەمە، چەند سەختە! دانا ڕەئووف زۆر بە قووڵی و ڕاستگۆیانە لە دیالۆگەکانی سیامەنددا لە (وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت) بەشی یەکەم: (لە کازیوەدا تاریک داهات) لە ئازەرەکانی جیابوونەوە و بەجێ هێشتن دەدوێت. کاتێک مەستانە، باوک “سیامەند” و کچ “نەشمیل” بەجێ دەهێڵێت، چ بارێکی دەروونی سەخت لەسەر نەشمیلی کچ و لەسەر سیامەندی هاوسەری بەجێ دەهێڵێت. نەشمیل دەرک بە خەمباری باوکی دەکات و لێرەدا دانا ڕەئووف بەم حیوارەی نەشمیل دڵی ئەم کچە منداڵەمان بۆ دەکاتەوە، کە ئەو ئاگاداری هەموو کارلێکردنەکانی دووری دایکی چ لەسەر خۆی، وە چ لەسەر باوکی بەجێدەهێڵێت:

(بابە گیان شەڕی مرۆڤ بۆ هەڵاتنە لە تەنیایی، وەلێ تەنیایی شتێکی هەتاهەتاییە لە بوونی مرۆڤدا.) یان ڕووەوەو مەستانەی دایکی دەڵێت:

نەشمیل

باوکم هێندە بە خەیاڵەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، ئاگای لە من نەمابوو، بە چەندان سەعات لە بەر پەنجەرەکەدا دادەنیشت و لە بەرخۆیەوە قسەی دەکرد.

(بەدەم پێکەنینەوە)

لەوە دەچوو، باوکم لە بەردەم ئەو پەنجەرەیەدا بە دوای خۆیدا گەڕابێت.

(لە کازیوەدا تاریک داهات، ل١٣٤)

سیامەند چەندین جار گوزارشت لە تەنیاییەکەی خۆیان دەکات و چەمکێکی فرە ڕەهەندی پێ دەبەخشێت، کە دەڵێت: (ئێمە زۆر تەنیاین. پێکەوە تەنیاین و بێ یەکتریش هەر تەنیاین. ئەوەی لەسەر چیاکان لە دایک دەبێ، لە کەنارەکاندا دەمرێ.) گوزارشتێکی قووڵە لەو تەنیاییەی سیامەند تیا دەژی. ئەو لە تەنیاییەکەی سیامەندەوە، ڕۆدەچێتە خوارەوە بە نێو شانە گرژبووەکانی مرۆڤێکی تەنیاوە. بێگومان مەستانەیش هێندە ئاسان ناڕوانێتە ئەم جیابوونەوە و بەجێهێشتنە، کە دەڵێت: (بە دڵێکی تەنگ و گرانەوە، هەروەک ئەو بەردەی فڕێ دەدرێتە دەریاچەیەکەوە، چوومە دەرەوە.)

لە هەموو یەک بینین و پێکگەیشتنی کارەکتەرەکاندا پرۆسەی ڕۆیشتن و بەجێ هێشتن دووبارە دەبنەوە، لە گەرمەی ئاخاوتن و قووڵبونەوە لە بابەت و ڕووداوەکان، کەسەکان دەیانەوێت هەڵبێن و بڕۆن. پەلەیانە و شپرزەن. بەمانایەک کە چیی تر ئاخاوتن لەسەر ڕابردوو، تەنانەت داهاتوویش هیچ مانایەکی نییە و تا زووە دەرباز بوون باشترین چارەیە. ئەمەیش بێگومان بێ دەسەڵاتی مرۆڤ و هەستکردن بە شکست و بە لە دەست دانی بەهاکانی ژیان (ئەو ژیانەی کە هەبوو) دەبەخشێت. کەواتە زۆرجار ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو تەنیا مایەی سەر ئێشەیە و هەرگیز پەیوەندیە پچڕاوەکان وەک جاران نابنەوە. ئەوەی ڕۆیشت و ڕویدا هەڵبەتە شوێنی پێی خۆی جێهێشت و مۆرکە بەسەر هەموو ژیانی ئێستا و ئایندەشمانەوە.

دانا ڕەئووف باسی جۆرێک لە خۆشەویستی دەکات، تێكەڵ بە ون بوون یاخود ون بوون تێکەڵ بە خۆشەویستی دەبێت، لەم ون بوون و تێکەڵە بوونەدا شووناسی کارەکتەرەکان لەت دەبن، بەر ئەو ئازارە دەکەون، کە ون بوون لە خۆشەویستی و خۆشەویستی لە ون بووندا مرۆڤ کۆڵەوار دەکات.

ژن

بۆ وازم لێ ناهێنی؟

 

پیاو

تەنها تۆم دەوێ. لە تۆدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

 

ژن

گوتت چی؟

 

پیاو

لە تۆدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

 

ژن

من لە خۆمدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

لە (ئەو خۆشەویستییەی هەر ڕۆژەی پارچەیەکم لێ دەبا، ل ٢١٧)

چەندە ساکارە ئەم دیالۆگە، بەڵام چەندە قووڵە. ئەم گرفتە دەرونییە، ئەم هەست بە ون بوونە بە شێکی زۆر لە ڕووداوەکانی ئەم دەقانە پێک دەهێنیت، بێگومان ئەم کێشەیە گوزارشتێکی بەهێزە لە پەیوەندییەکانی ژن و پیاو، هاوکات تەنگەژەیەکی خودگەرایی دەخاتە روو، کە لە گەرانی چەمکی شووناسی مرۆڤدا دەردەکەوێتەوە.

پێ دەچێت هەموو چوونە بەرپەنجەرەیەکی کارەکتەرێک هۆکار و فشارێکی سەختی دەروونی لە پشتەوە بێت، لەو دیوو پەنجەرەکانەوە ڕابردوو دەبینرێت. وێنە تاڵ و شیرینەکان دێن و دەچن، هەندێک جار تامەزرۆیی و هەندێک جاریش خەمۆکی لە ئامێز دەگرن. دانا ڕەئووف لە ڕێگەی پەنجەرەی ژوورەکەوە، کە زۆر جار دەبنە مێتافۆر، ئەو دیوی ڕووداوەکانمان بۆ باس دەکات. دیمەنەکانی ئەو دیوو پەنجەرەکە بریتین لە: تەنیایی، خۆشەویستی، فەرامۆشی، سەرزەنشتی خۆ، بێزاری، بیرکردنەوە، پەشیمانی… هتد. لە هەمان کاتدا دەرئەنجامی بەردەوامی ئەم ڕووداوانە لەناو چوار دیواری ژوورەکەدا و لەم دیوی پەنجەرەکانەوە هەمیشە بونییان هەیە و ئەمڕۆمان بە دوێنێ پێ دەناسێنن. گفتوگۆیەکی خەونئامێز، پچڕ پچڕ، هەروەک خەون، پڕ لە ون بوون، پڕ لە پەشیمانی و بیرکردنی ڕابردوو، یادگاریە درەوشاوەکان، یان تاریک و لێڵییەکان، وێنە بەهێزەکانی ژیانی کارەکتەرەکانی نێو ئەم دەقانە دەکاتە شیعرێکی بەرزی درامی؛ لەم شیعرەدا دراما سەمایەکی پڕ لە وزەیە، کە بونیادە درامییەکەی دەقەکانی وەک داوی جاڵجاڵۆکە لەسەر چنراوە. لێرەدا دەبینین، کە هەموو کەسایەتییەکان گیرۆدەی کارەساتەکانی ژیان بوون، چ گەورە و چ منداڵ، بۆ نموونە لە (لە کازیوەدا تاریک داهات) نەشمیل لەناو کێشەکاندا لە ونبونی خۆی دەدوێت، ئەو ون بوونەی لە ون بوونی باوکی و دایکییەوە سەرچاوەی گرتووە.

من ئەم دەقانە زیاتر وەک نمایشێکی سەمای مۆدێرن دەبینم، بە تایبەتیش لە بەکارهێنانی ڕووناکی و مۆسیقا و دەنگەوە. مۆسیقایەکی پڕ لە تەنیایی و ون بوون، کە چیی تر توانای هەڵچوون و داچوونی سەمفۆنیائاسای نییە، بە مانا کلاسیکییەکەی، بەڵکو بە هێڵێکی دوور و درێژی کارەکتەر و ڕووناکی و جووڵە و مۆسیقا و بێدەنگی و تاریکی؛ شانۆیەکی ئەفسووناوی خەونئامێز بەرپادەکەن. دانا ڕەئووف وەک شانۆکارێک توانیویەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامڕازانە بکات و دەقگەلێک بنووسێت، کە لە سەرچاوەکانی هونەری شانۆوە هاتۆتە دەرەوە.

کەسایەتییەکان زۆر تەنیان، هەروەک ئێمە‌، کەسایەتییەکان زۆر دڵگرانن، هەروەک ئێمە. ئەوان بۆ یادگارییەکان دەژین و بە بوونی یادەوەرییەکانەوە ماون. لە دەقی (ژنی سەر جۆلانەکە)دا پیاو و ژن و منداڵ و گیتارژەنەکە، با بڵێین هەموو کارەکتەرەکان هەر کەسە و بە شێوەی خۆی سەمای بێدەنگی خۆی دەکات و دەڕوات. گیتارژەنەکەی بە دەنگ و ئاوازێکی هێمن دەمانگێڕێتەوە بۆ گۆرانییە پڕ لە یادگارییەکان، ئەمەیش نەک تەنیا وەک مۆسیقایەکی وێنەیی، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر جوان گیتارژەنەکە بە گۆرانی و دەنگ و ئاوازی گیتارەکەی، ئاوازەکانی خۆی تێکەڵی ئازارەکانی کارەکتەرەکانی تر دەکات.

هەڵبەتە بۆ من، جوانترین و پڕ ماناترینی خاڵی ئەم دەقانە، لەوەدایە کە کارەکتەرەکان بێ هەڵچوون و داچوون زومبی ئاسا دێن و دەچن!۲ زۆر خەمساردانە و زۆر جاریش بێباکانە قسەی خۆیان دەکەن و دەڕۆن. هەر کەس لە دنیای خۆیدایە، هەرکەس خەم و پەژارەی ژیانی داوە بە کۆڵیدا و ژووراوژوور دەیگێڕێت. هەندێک جاریش لەگەڵ خۆی کۆڵەکەی پشتی دەباتە دەرەوە و هەندێک جاری تریش لە ژوورێکی چۆڵدا، پێش ئەوەی تاریک دابێت، بۆ ئێمەی بینەری بەجێ دەهێڵێت. هەمیشە بینەر (خوێنەر) چاوەڕێی شتێکە ڕوبدات، هەر شتێک بێت، هەر لە دەست پێکردنی دراماکانەوە تا کۆتایی گۆێ بیستی، سەمفۆنیایەکی درامی پڕ لە نهێنی و هێمن، سارد، لە هەمان کاتدا پڕ لە با و بۆران و ڕەهێڵەی نەهامەتی و بەستەڵەکی ژیان، دەبین، بەڵام بە پێچەوانەوەی داڕشتنە درامییە کلاسیکییەکانەوە، هیوا و گەڕان بە دوای چارەسەرێک بۆ گرفتەکان هەمیشە بوونی هەیە، زۆر کات هەوڵەکان بێهودەن و زۆر ڕەشبینن، لە هەمان کاتدا و لەگەڵ هەموو چوونە دەرەوە و ون بوونی کارەکتەرێکدا لەسەر تەختەی شانۆ، پرسیارگەلێکی زۆر بۆ ئێمەی بینەر بەجێ دەهێڵێت:

چۆن؟ کەێ؟ بۆچی؟ تا؟


چیرۆکەکانی با

نووسینی: دانا ڕەئووف

بڵاوکردنەوەی ناوەندی کەپر