هووگۆی جینگن

نووسەر: ڕەین نووربێرگ

و. لە سوێدییەوە: کەریم تاقانە

 

ڕەین نووربێرگ ساڵی ١٩٤٣ لە تالین، کە پێتەختی وڵاتی ئێستلەندە، لە دایک دەبێت. کە تەمەنی یەک ساڵ دەبێت، بنەماڵەکەی بە هۆی جەنگ و داگیرکارییەوە هەڵدێن بۆ سوێد و لە ستۆکهۆڵم نیشتەجێ دەبن.
لە تەمەنی شازدە ساڵیدا دەچێت بۆ زەریا و سێ ساڵ لەنێو کەشتی، لەسەر زەریا کار دەکات. کە دەگەڕێتەوە بۆ وشکایی، کاری جۆراوجۆر تاقی دەکاتەوە، هەر کاتێکیش هەلی بۆ بڕەخسێت، سەفەری وڵاتە ئەورۆپایییەکان و باکووری ئەفریکا دەکات.
دواتر لەگەڵ ژنەکەیدا سێ ساڵ لەنێو زەریادا دەژیێت، ئەم جارە لەنێو کەشتیی چارۆکەداردا. لەم ماوەیەدا لە دەفتەرێکدا یادداشت دەنووسێت، پاشان لە ماڵەوە کار لەسەر دەفتەریادداشتەکە دەکات و یەکەمین ڕۆمانی خۆی لێوە هەڵدەهێنجێت، کە ڕۆمانی «بادەوانی ئەتلانتیک»ـە (١٩٨٤). ڕەین لەم ڕۆمانەدا باسی سەفەر بە زەریادا دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەو ژینگە و شوێنانە کە مرۆڤ ئاوەدانیان کردووەتەوە.
بێجگە لە کاپتن کید و کاللە کرووس (١٩٩١) و هووگۆی جینگن (١٩٩٢) کە بۆ منداڵان و تازەلاوان نووسراون، هەموو کتێبەکانی ڕەین نووربێرگ پێوەندییان بە زەریاوە هەیە.
زانست و ئەزموونی ڕەین لەبارەی زەریاوە لەڕۆمانەکانیدا بەرجەستەن. ڕۆمانی «بەلەمی هەڵهاتن» (١٩٨٧) بەسەرهاتی ڕیکس دەگێڕێتەوە. ڕیکس کوڕێکە لەگەڵ برا گچکەکەی و دایکی و داپیریدا لەنێو کوختەیەک دەژیێت. کوختەکەیان کە ژوورێک و متبەقێکی هەیە، لە گوندێک هەڵکەوتووە، لە ئێستلەند. ساڵی ١٩٤٤ە و ئێستلەند بۆ جاری دووەم داگیر کراوەتەوە، ئەم جارە ئەڵمانییەکان لە کاتی جەنگدا داگیریان کردووە. ڕووسەکان سێ ساڵ پێش، باوکی کوڕەیان بردووە و کەس بە سۆراغی نازانێت. تەنانەت ئۆسکاری خاڵۆی کوڕەیش هەڵاتووە. کۆمەڵێک کەس بە نهێنی خەریکن بەلەمێک دروست دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبێن. ڕیکس یارمەتییان دەدات، ئەوانیش لە بەرانبەردا جێی ڕیکس و بنەماڵەکەی لە بەلەمەکەدا دەکەنەوە کە هەڵبێن و بچن بۆ ئەو بەری ئاو کە ئەوێ سوێدە.
لـە ڕۆمانی «مەیموونی بارووتی»ـدا (١٩٨٩) یوونـاتـان تینکـلەر کـوڕێکی بێـباوکە. یووناتان خراوەتە مەزاتەوە و ژنوپیاوێک بردوویانە بۆ ئەوەی وەک ڕەعیەت خزمەتیان بکات. کارەکەی یووناتان تاقەتپڕووکێنە، بێجگە لەوە خاوەنمڵک ڕۆژانە تێروپڕی دەکوتێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان، چاوی بە کۆنراد و تیم دەکەوێت و ژیانە بێخەمەکەیان سەرنجی ڕادەکێشێت بۆیە شوێنیان دەکەوێت. ئازادییەکەی درێژخایەن نابێت، ڕۆژێک زاکوونپارێز دەیگرێت و پاشان ناچار دەبێت وەک سەرباز لەنێو کەشتیی عەرەب خزمەت بکات. کە جەنگ دەست پێ دەکات، بە ناچاری دەبێت بە بارووتهەڵگر – مەیموونی بارووت. لە یەکێک لەم جەنگ و پێکدادانەدایە کە قاچی بریندار دەبێت. برینەکەی هێندە قورسە، قاچی دەبڕنەوە. یووناتان دواجار دێتەوە سەر خۆی، بەڵام داخۆ دەتوانێت بە قاچێک دەرەقەتی ژیان بێت و بەرگەی ژیانی تاقەتپڕووکێنی سەر زەریا بگرێت؟
ڕەین لـە ڕۆمـانی «دوڕگەی یەکشـەممە»دا (١٩٩٠) کـە درێـژەی ڕۆمانی «مەیموونی بارووت»ـە، وەڵامی ئـەو پرسیارەی سەرەوە دەداتەوە.
یووناتان و موسپرات ، دوای ئەوەی کە کەشتییەکەیان نوقم دەبێت، خۆیان لە وشکایییەکدا دەبیننەوە. دوڕگەیەکە. موسپارت دوڕگەکە دەناسێتەوە، دەزانێت ئەوێ دۆمینیکا یە، شوێنێک کە مەنزڵگەی مرۆخۆرانە. هاوکات کە لەگەڵ چیرۆکی موسپرات و یووناتاندا دەچینە پێشەوە، چیرۆکی هیالی یش دەخوێنینەوە کە کوڕێکی هیندییە. یووناتان و موسپرات دواجار بەرەو ڕووی یەکتر دەبنەوە و بەم جۆرە دەکەونە داوی توندوتیژیی هیندییەکانەوە.
هووگۆی جینگن لە ترسی گیانی خۆی هەڵدێت و بە دوای پەناگەدا دەگەڕێت.
ئەمە چیرۆکێکە لەبارەی کەروێشک و مرۆڤەوە، لەبارەی نامۆیی و پێکەوەژیانەوە.

Floral magazine mockup with blank space