نه‌خۆشیی مه‌رگ

نەخۆشیی مەرگ/ مارگرێت دوراس

کەریم تاقانە لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی

بابەت: کورتەڕۆمان

بڵاوکەرەوە: ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر | دەزگای جەمال عیرفان، ٢٠٢١

 

پێکهاتەی چیرۆکەکە زۆر سادەیە: پیاوێک، ژنێک، زەریا، مەلافە سپییەکە و هەڵبەت مەرگیش. گێڕەرەوە، دەنگێکە لە شوێنێکی نادیارەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیاوەکە دەدوێت. لەبارەی ئەو شتەوە دەدوێت کە ڕووی داوە. ئەو شتەی کە بینیویەتی. ئەو شتەی کە ئەو بیری لێ دەکاتەوە. مەوداکە، گشتییە. چ لە باری کات و چ لە باری شوێنەوە.

چیرۆکەکە لەنێوان ڕێگا لەبارەکاندا هەناسە دەدات. نە چوونە دەرەوە دەزانێت، نە چوونە ژوورەوە. نە بەرەوپێشچوون، نە گەڕانەوە. ڕاست هەر وەک ئەو پیاوەی کە بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت. لەوێ، لە شوێنێکدا، کاکڵەکە هەیە. شێوازی دوراس دەبێتە جۆرێک لە ئاماژە بۆ خوێنەر، کە یادەوەریی ئێمە چەند ناسەقامگیرە و چەند زوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. ئەو خەیاڵە کە حاشای لێ ناکرێت و لە گشت گێڕانەوەیەکدا هەیە. وەبیرهێنانەوەی ڕووداوێک، خودی یادەوەری دەشێوێنێت و یادەوەرییەکی دیکە بنیات دەنێت. بێ هۆ نییە ژاک لاکانی فرانسایی، کە دوکتۆر و شیکاری دەروونییە – ستایشی مارگرێت دوراس دەکات، ئاخر دوراس لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە ئیشێک دەکات کە لاکان لە تیۆرییەکانی خۆیدا لێکی داوەتەوە.

مرۆڤ، لە لای لاکان، لە هەمان ئەو چاوترووکانەدا کە دەچێتە نێو زمانەوە، واقیعی ژیان بە جێ دەهێڵێت.

 

سەلاحەدین بایەزیدی وەرگێڕانەکەی لەگەڵ دەقە فرانسایییەکەدا بەراورد کردووە