ناوندێک بۆ نووسەرانی تاراوگە

ئەم ساڵ لە تاراوگە، چەند نووسەرێک، لە پێناوی گەڕاندنەوەی بەها بۆ کتێب، بۆ نووسەر، بۆ زمان و ئەدەبیات، ناوەندێکی ئەدەبی و هونەرییان بە ناوی (کەپر)ەوە دامەزراندووە. ئەم نووسەرانە بە هاوبیری و هاوکاریی یەکتر کتیبەکانی خۆیان چاپ و بڵاو دەکەنەوە، لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین، کە کەپر دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوە نییە و ڕەشنووس لە هیچ کەس و لایەنێک بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە وەرناگرێت. ئەم نووسەرانە، میران ئەبراهام، دانا ڕەئووف و کەریم تاقانە، دەیانەوێت گرینگی بە زمانی کوردی، بە ڕێنووس و ئەلفبێی کوردی بدەن. ناوەندی کەپر، لە نۆبەرەی بەرهەمەکانیاندا، پێنج کتێبیان، لە فۆرم و شێوازێکی جواندا بە چاپ گەیاندووە. بۆ ناساندنی کتێبەکان، لەم ڕاپۆرتەدا، بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی ناوندی کەپر و کتێبە بڵاوکراوەکانیان ئەم گوتارە بڵاو دەکەینەوە، بەو هیوایەی ناوەندی کەپر زیاتر بناسرێت و لە کارەکانیشیان بەردەوام بن.


هەموو بەیانییەک ڕێگەی ماڵ درێژ و درێژتر دەبێتەوە

ڕۆمانێکی نووسەری سویدی ” فرێدریک بەکمان”ـە، کە کەریم تاقانە لە سویدییەوە کردوویەتی بە کوردی. ڕۆمانەکە باسی ئەو خۆشی و دڵەخورپانە دەکات، کە لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا هەیە، باسی ڕازونیازێک دەکات لەنێوان پیرەپیاوێک و نەوەکەیدا، لەنێوان پیاوێکی گەنج و ئەوینە مەزنەکەیدا، لەنێوان پیاوێک و کوڕەکەیدا. بەکمان، لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت: “ئەمە چیرۆکێکە، باسی ئەوە دەکات چۆن مرۆڤ، بەر لەوەی بمرێت، زەینی لە دەست دەدات. ئەگەر لەگەڵت تەواو ڕاستگۆ بم، دەبێت بڵێم هەرگیز بە تەمای ئەوە نەبووم چیرۆکەکە ببێت بە کتێب. ئەمە تەنیا هەوڵێک بوو، هەتا لە ناخمدا شتێک لە یەکتر جیا بکەمەوە، ئاخر من کەسێکم لە نووسیندا زیاتر خۆمم، تا لە قسەکردندا؛ من ناچارم جاروبار بیرەکانم لە پیتدا ببینم، هەتا تێبگەم چ هەستێکم هەیە. ئاخر چیرۆکەکە باس لەوە دەکات: لە مێشک. ئەم ڕازە گاڵتەئامێزەی نێو کەللـەمان، کە ڕێی پێ داوین دنیا کەشف بکەین، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی خۆش نەکردووە هەتا بتوانین پەی بە ڕازەکانی خۆی ببەین. دەمویست هەوڵی گێڕانەوەی ئەوە بدەم چ ڕوو دەدات وەختایەک مێشک وازی لە زەوی هێناوە، بەر لەوەی جەستەمان واز بهێنێت. ئەمە نامەی بچووک بچووکی عاشقانەی لێ کەوتەوە، لەنێوان پیرەپیاوێک و نەوەکەیدا، لەنێوان پیاوێکی گەنج و ئەوینە مەزنەکەیدا، لەنێوان باوکێک و کوڕەکەیدا. کتێبەکە بوو بەم هەوڵە بچووکەی من، کە مامەڵە لەگەڵ هەموو ترسێکدا بکەم، ترس لەوە کە دەزانم هێندێک لەو مێشکە مەزنانە، بەرەبەرە، بە جێمان دەهێڵن. ترس لەوە ئێمەیش، کە بە جۆرێک ماوینەتەوە، دەبێت بژیین و بیری کەسێک بکەین هێشتا لێرەیە. پێم وایە هەموو مەسەلەکە لەو گفتوگۆیەوە دەستی پێ کرد کە بیستبووم. لەو گفتوگۆیەدا، یەک لە کەسە دڵخوازەکانم دەیگوت: خراپترین مەسەلەی پیربوون ئەوەیە مرۆڤ چیی دیکە هیچ بیرۆکەیەکی بۆ نایەت. ئەو وشانە هەرگیز بە یەکجاری بە جێیان نەهێشتم، ئەو خەمە بە دڵمەوە نووسا: خەیاڵ دەتوانێت بەر لە جەستە، واز بهێنێت. ئەمە هەستێکە، پێم وایە لە دڵی هەموواندا هەبێت، ئاخر ڕەگەزی مرۆڤ، سەیرە، بە جۆرێک هەر دەڵێیت زۆربەمان زیاتر لە پیربوون دەترسین، تا لە مردن.”


ژنەکان لە نەسیمدا ون دەبن

یەکەم دیوانی شیعریی ژنەشاعیر “بەیان ئەحمەد”. بەیان ئەحمەد شاعیرێکە شیعر ئاوێتەی ژیان دەکات و ژیانی ڕۆژانە دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورە و سرووشبەخش. بەیان، لە هەموو شیعرێکدا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هەندێک جار ئەو چیرۆکە مۆرکێکی داستانئامێز لە خۆ دەگرێت و نەفەسێکی قووڵی داستانئامێز دەبەخشێت بە ژیانی ڕۆژانە. شیعر دەبێتە وەرزەکانی ساڵ؛ بەهار، هاوین، پایز و زستان لەنێو بۆتەی وێنە شیعرییەکاندا، کات و شوێن تێک دەشکێنیت و لە مەودایەکی گەردوونیدا وەرزێکی تری ساڵ دەخوڵقێنێت، دەتوانین بڵێین وەرزی پێنجەمی شیعر. وێنەی شیعر و چیرۆکەشیعرییەکان پێکهاتەیەکی هێماگەلی و هاوکات خودگەرای شیعرەکانی (بەیان)نن.

شیعرەکانی (بەیان) دەنگێکی ڕەسەنی ئافرەتن، لە پشت هەموو شیعر و دێڕ و وشەیەکەوە، دەنگی ئافرەتێک هەیە: حەزەکانی ئافرەت، دڵەڕاوکێی ئافرەت، خەونەکانی ئافرەت، نەفرەتی ئافرەت، پەیوەندییە چڕ و ئاڵۆزەکانی نێوان ژن و پیاو… هتد لە پشت شیعرەکانەوەن. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەو جورئەت و بوێرییەیە لە نووسیندا؛ بەیان ڕێگا بە هیچ بەربەستێک نادات سنووردای بکات و سەربەستییەکی تەواوی لە نووسیندا، لە دەربڕینەکانیدا، لە خەونی شیعرەکانیدا هەیە.

هەندێک جار نەفەسێکی شێرکۆیی لە گێڕانەوەی شیعرەکانیدا بە دی دەکرێن، کاریگەریی شێرکۆ بێکەس هەن، بێ ئەوەی شێرکۆ بن. بەیان، بەیانە و شیعرەکانی لە خودی خۆیەوە، لە ئەزموونی خۆیەوە، وەک ئافرەتێک سەرچاوەی گرتووە.

وێنە شیعرییەکان چەندە ساکارن، هێندەیش قووڵ و پڕ مانان، بۆ نموونە لە هەندێک شیعردا دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، مێژوو لەم وێنانەدا چیرۆکی ژیانێکی ئێستامان بۆ دەگێڕێتەوە، مێژوو لە وێنەیەکی تەڵخی ئەمڕۆماندا دووبارە دەبێتەوە، لەوێدا مێژووە پڕ لە کارەساتەکە، لە ژیانی ژنێکدا، لە ئەمڕۆدا، لە ئایندەیەکی نادیاردا، دەبێتەوە بە چیرۆکێک، کە زۆرێک لە ژنان خۆیانی تیا دەبیننەوە.

بەیان زیرەکانە یاری بە ڕەگەزی نێر و مێ دەکات، مێ دەبێتە نێر و نێریش بە مێ، تا هەردووکیان بزانن لەو گەمەیەدا، چۆن و بە چ شێوەیەک یەک دەگرنەوە و بەر یەک دەکەون و ئەزموونی ئەویتر بکەن.

هەندێک لە شیعرەکانی بەیان ئەحمەد مۆرکێکی سیاسی لە خۆ دەگرن، بەڵام بێ ئەوەی سیاسی بن، مەبەستم ئەوەیە “سیاسەت” نابێتە دروشم و لایەنگری لایەک، یان دژایەتیکردنی لایەنێکی تر و بارگاوی بە ئایدۆلۆژیا، بەڵکو خستنەڕووی ڕەوشە سیاسییەکەیە لە وێنەیەکی شیعریی ڕوون و ئاشکرادا، بێ ئەوەی پەنجە بۆ کەس درێژ بکات. بۆ نموونە ژیانی سەرۆکێکی بێخەم و بێپەروامان بۆ دەگێڕێتەوە و دەبێتە ڕەوشێکی ژیانی ڕۆژانە، کە خوێنەر دەتوانێت بەراوردی خۆی لەگەڵ سەرۆک بکات، یان بە پێچەوانەوە، سەرۆک بەراوردی خۆی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی بکات. ئەوەی لەم خاڵەدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە، کە ئەم وێنە سیاسییانە لە شیعرەکانی “بەیان”دا دەبنە کاریکاتۆر و دەمانهێننە پێکەنین.


سەفەر و شانۆ

ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و شانۆکار “دانا ڕەئووف”ـە و باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ دنیا؟ سەفەر و شانۆی وڵاتاندا دەکات. دانا، لە پێشەکییەکی کورتی کتێبەکەیدا دەڵێت: سەفەر ئەزموونە. ئەزموونی سەفەر مەودایەکی فراوان و قووڵ بە دید و تێڕوانینی مرۆڤ دەبەخشێت و مرۆڤیش هەر لە زەمەنە دێرینەکانەوە لە سەفەرێکی بەردەوامدا بووە. زۆرجار سەفەر دەبێتە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ نووسەر و هونەرمەندان و لە دەروازەکانی سەفەرەوە دیدی هونەری و تێگەیشتنی مرۆڤ و فۆرمەلەکردنی دونیایەکی گشتگر، دونیادیدەی هونەرمەند دەوڵەمەند دەکات، بەڵام سەفەر لەلای ئێمە کیشوەرێکی تازە دۆزراوەیە و لەم سی چل ساڵەی دوایدا، بە تایبەتی لە شەڕی عێراق/ئێرانەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە بە وڵاتانی ئەوروپادا بڵاو بوونەتەوە.

منیش وەک هەر تاکێکی ئەم میللەتە، کە لەسەرەتای نەوەدەکانەوە، لە وڵاتی سوید جێگیر بووم، سەفەرم بە پێداویستییەکی هەرە گرینگی ژیانم زانیوە. سەفەریشم بۆ هەر وڵاتێک، چ لە ڕۆژئاوا، چ له‌ ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست کردبێت، چەندە بە دوای شانۆی ئەم وڵاتانەدا گەڕابم، هێندەیش هەوڵم داوە خەڵکی ئەو وڵاتانە بدوێنم و وێنەیەکی تەواوی ئەو کۆمەڵگەیانەم لەلا دروست ببێت.

زۆرجار بە تەنها سەفەرم کردووە، بەڵام بۆ هەر شوێنێک ڕۆیشتبم، هاوڕێم هەبووە: لەهەموو شوێنێک وا دەزانم دەچمە ماڵی خۆم و لە هیچ شوێنێکیش هەست بەوە ناکەم، کە لە ماڵەوەم.

ئەوەی لەم سەفەرانەیشدا جێگای سەرنجە، خانووبەرە، پارک و سەرشەقامەکان نین، بەڵکو ئەوەی لەنێوان مرۆڤدا، لەسەر شەقامەکان، لەناو پارک، لە قاوەخانە و شانۆ و بارەکاندا ڕوودەدەن.


خاوەنقەرز: درامایەکی ناتورالیزم بە کوردی

ستریندبێرگ (١٨٤٩-١٩١٢) له‌ هاوینی ساڵی ١٨٨٨دا لە دانیمارک، بە ماوەیەکی کورت لە دوای شانۆنامەی خاتوو ژۆلیا، “خاوەنقەرز” دەنووسێت. بنیاد و ژینگه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ شانۆنامه‌ی “باوک”ـەوە نزیکه‌. ئەم شانۆنامانە: “باوک”، “خاتوو ژۆلیا” و “خاوەنقەرز”، کە بە ماوەیەکی کەم نووسیونی، لەژێر کاریگەریی تەوژمی ناتورالیزمی و شیکارییەکی وردی سایکۆلۆژیدا نووسراون و به‌شێک بوون له‌ پرۆگرامه‌ نوێیه‌که‌ی بۆ شانۆیه‌کی ڕیالیزم و ناتورالیزم؛ ناتوارالیزم بۆ ستریندبێرگ دیدی ژیان و پرۆگرامی ژیان خۆی بووە، هاوکات چەمکێکی خودگەرا و سایکۆلۆژیی بنەماکانی پێک هێناوە.

ستریندبێرگ لەو دەمەدا، بانگەشەی شانۆیەکی بچووکی ناتورالیزمی/ئەزموونگەریی دەکرد، ئەو دەقانەیشی دەینووسین، بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکە شانۆیییەکەی بوون، بۆ نموونە ئەو تەکنیکەی شانۆنامەی “خاوەنقەرز”ی پێ نووسراوە: سێ کارەکتەر، یەک دیمەن، هەمان سینۆگرافیا (یەک شوێن) لە هەموو نەمایشەکەدا، ئەو شانۆ ئینتیمە بچووکە بوو، کە خەونی پێوە دەبینی. ستریندبێرگ بە هاوکاریی “سیری فۆن ئێسن”ـی ژنی یەکەمی، لە ساڵی ١٨٨٨دا لە دانیمارک بۆ ماوەیەکی کورت، شانۆیەکی ئەزموونگەریی ئەسکەندەناڤی دادەمەزرێنێت، کە دواتر بە “تەقەلا شانۆیییەکانی ستریندبێرگ” ناوزەد دەکرێت. دواتریش لە ستۆکهۆڵم لەو فۆرمەدا شانۆی (ئینتیم)ی دامەزراند.

له‌ “خاوەنقەرز”‌دا، پیاوێک بێ ئه‌وه‌ی هیچ چه‌کێک به‌رز بکاته‌وه‌، مێردی ژنه‌ کۆنه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێت. ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌، له‌ هاوین و له‌ یه‌کێک له‌ دوورگه‌کانی سویددا ڕوو ده‌دات: ژنومێردێکی به‌ختیاری هونه‌رمه‌ند، “ئادۆڵف” و “تێکلا” له‌ خانوویه‌کی ساکاری کرێگرته‌ی هاوینه‌دا ده‌ژین، له‌ پڕ “گوستاف”، که‌ مێردی پێشووی “تێکلا” بووه‌، هه‌ر وه‌ک قارچک هەڵدەتۆقێت.  گوستاف بۆ ئه‌وه‌ هاتووه پەیوەندی‌ ئه‌م ژنومێرده‌ به‌ختیارە تێک بدات و‌ له‌ یه‌کترییان جیا بکاته‌وه‌؛ گوستاف گیرۆده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه‌ زیان به‌ تێکلا بگه‌یه‌نێت، تێکدانی ژنومێردایەتییەکەیشیان یه‌کێکه‌ له‌ ئامانجه‌کانی.

گوستاف دیدێکی پڕ له‌ قین و شه‌ڕخوازانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت هه‌یه‌، کارەکتەرێکی هەست و سۆز سارد و مرۆڤێکی ڕەقە و به‌ بڕوای ئه‌و، ئافره‌ت ته‌نها (قوڕێکی)  بێ فۆرمی ژێر ده‌ستی پیاوه‌، تا به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یه‌وێت په‌یکه‌رێکی جوانی بۆ خۆی لێ دروست بکات. هه‌روه‌ها ده‌قه‌که‌ پڕه‌ له‌ هێرشی گرۆتێسسكانە و تۆقێنه‌ر بۆ سه‌ر نه‌ژادی ئافره‌ت و گاڵته‌کردن به‌ چه‌مکه‌کانی یه‌کسانیی نێوان پیاو و ژن.

ستریندبێرگ، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکانی هێندە چڕوپڕ و ڕاستەوخۆ دارشتووە، کاریگەرییەکی بەهێزی کردۆتە سەر پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان و گەشەی ڕووداوەکان. دیالۆگەکان هێندە ورد چنراون، بنەمایەکی قووڵی بۆ مۆرکە سایکۆلۆژییەکەی کارەکتەرەکان خوڵقاندووە. دراماتۆرگییە ناتورالیزمییەکەی دەقەکە، پشت بە خودی هێزی دیالۆگەکان دەبەستێت، ستریندبێرگ هێزی دەقەکەی لە بنەمای دیالۆگەکانەوە دەستەبەر کردووە و دیالۆگ نەخشەیەکی دراماتۆرگیی پتەوە بۆ گەشەی ڕووداو، بۆ پێودانگه‌ دراماتیکییەکە و بۆ کارەکتەرەکانیش. ئەو هێز و وزەیەی لە دیالۆگەکاندا هەن، ڕێگا بۆ کارەکتەرەکان دەکەنەوە، بە قووڵی و بە شێوەیەکی زیندوو و پڕ لە جووڵە بەنێو دەروونی کارەکتەرەکاندا ڕۆ دەچن.

کەریم تاقانە، “خاوەنقەرز” بە زمانێکی تژی لە ڕیتم، لە شیعر و بە تێگەیشتنێکی تەواوەوە دەکات بە کوردی. بنەما سایکۆلۆژییەکان، کە لەنێو دیالۆگ و ئەتمۆسفێری دەقەکە و ئەو گەمەیەی لەنێوان کارەکتەرەکاندایە، لە دەقە کوردییەکەدا، بەرجەستەی ئەو زمانە بووە، کە تاقانە ستریندبێرگـی پێ کردووە بە کوردی.

تاقانە، زۆر نزیکە لە دەقەکەی ستریندبێرگـەوە، لە دەقەکە گەیشتووە و لەو تێگەیشتنەوە بۆ دەقێکی شانۆیی، نەک ڕۆمان و شیعر، وەرگێڕانەکەی کردووە. زمانەکەی چەندە لە زمانی شانۆوە نزیکە، هێندەیش شیعرە، شیعرێکی شانۆیی کە بە سانایی مەودا سایکۆلۆژییەکەی دەقەکەی دۆزیوه‌ته‌وه‌، هاوکات ساکار و گونجاوە بۆ سەر شانۆ و بەرکەوتنی ئەکتەر و بینەران. شایانی باسە دانا ڕەئووف پێشەکیی بۆ وەرگێڕانەکەی کەریم تاقانە نووسیوە.


ئاسمانی سوور

دووەمین کۆمەڵە چیرۆکی چاپکراوی تێکۆشەر خالید-ە، کتێبەکە شەش چیرۆکی پێکپێوەندی لە خۆ گرتووە، هەر چیرۆکێک بابەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام بە ڕیزبەند خوێندنەوەی چیرۆکەکان، وێنەیەکی گشتیی یەکچیرۆکیی دەبەخشێت. سەرهاتی پیاوێک، کە لە بنەڕەتدا دژی جەنگە و لە پاڵ ئومێد و بێئومێدیدا چیرۆکی خۆی و دەوروبەرەکەی لە سەرەتای چوونە ناو جەنگ تا گەڕانەوەی دەگێڕێتەوە، ڕووداوەکانیش لە دەوروبەری کارەکتەری سەرەکیی هێڵی گشتیی چیرۆکەکانەوە ڕوو دەدەن. هەر چیرۆکێک بە تەکنیک و گێڕانەوەی جیاوازتر لەوی دیکە نووسراوە. شوێن و کەشی چیرۆکەکان جیاوازن و زمانی کارەکتەرەکان لە هەناوی واقیعەوە هاتوونەتە دەرەوە و نووسەر لەوێوە ساکارانە خەیاڵەکانیان لە بارەی عەشق، جەنگ و ئاشتی دەخاتە ڕوو. کۆی کارەکتەرەکان، زۆربەیان هەڵگری نەخۆشی یان جۆرێک لە گرێی دەروونین، کە کولتوور و ژینگە بەسەری هێناون. ئەوان مرۆڤی هیوادار، تێکشکاو و نەخۆشن و بە ئاسانی دەمرن و خۆیان دەدەن بە دەستەوە. پێدەکەنن و گاڵتەوگەپ دەکەن و درۆ دەکەن لە پێناوی شاردنەوەی گرێ و ڕاستیی تاڵی سەردەمی جەنگ و ناخۆشیی.  لە شوێنێک، کە هیچ هیوایەک نەماوە، هیوا دەخوازن و لەو شوێنەیش، کە ئومێد سەر دەردەهێنێت، ئەوان دەکەونەوە بیری ڕۆژگارە تاریکەکان. ئەوان مرۆڤی سەردەمی جەنگ و تاریکترین ڕۆژی ژینگەکەیانن.