لەبارەی “چیرۆکەکانی با”وە

,

ئاگری ئیسماعیل


کتێبی “چیرۆکەکانی با” کۆمەڵێک شانۆنامەی ئەزموونگەرا و کورتن، مەگەر بە دەگمەن دەنا لە دوو کارەکتەر زیاتریان تێدا نییە (زۆرجار ناوی کارەکتەرەکان هەر “پیاو” و “ژن”ـە.) شانۆی ئەزموونگەرا لە مێژە بەشێکە لە شانۆی کوردی (دانا ڕەئووف خۆیشی پێشتر لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەمە کردووە)، بەڵام کارەکانی دانا زیاتر لە کەشێکی مۆدێرنیستیی بەربڵاودا ڕەنگیان داوەتەوە تا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کوردانەدا.

شانۆنامە جۆراوجۆرەکانی نێو ئەم کتێبە زیاتر باس لە پرسی بەهەڵەتێگەیشتن دەکەن، یان ڕەنگە باشتر بێ بڵێین: باسی دەستەوسانیی مرۆڤ دەکەن، کە دەرەقەتی ئەوە نایەن لە یەکتر بگەن. ئەم کارەکتەر داوا لەو کارەکتەر دەکا “چیرۆکەکانی با”، کە ناوی کۆمەڵە شانۆنامەکەیشە، بگێڕێتەوە، بەڵام چیرۆکەکە هەرگیز ناگێڕدرێتەوە، بەڵکوو کارەکتەرەکان هەر جارە و مشتومڕ لەسەر مانا و چەمکی وشەیەک دەکەن، لێرەدایە، کە ئاخاوتەی فەلسەفە و ئەبسورد بە دوای یەکدا دێن.

ئەم کتێبە هەڵگری کۆمەڵێک شانۆنامەی کورتە، کە جێگەوپێگەیەکی بەرزیان هەیە؛ زایەڵەی دیالۆگە مینیمالیستییەکانی هارۆڵد پینتەر لەنێو ئەم شانۆنامانەدا دەبیسترێ (دانا ڕەئووف هەم لەبارەی هارۆڵد پینتەرەوە نووسیویەتی، هەم کارەکانی ئەوی وەرگێڕاون، بۆیە بیسترانی ئەم زایەڵەیە شتێکی سەیر و ڕاچڵەکێن نییە)، بێجگە لەوەیش، شانۆی تەواو ئەبسوردی بێکێت-یش لە شانۆنامەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە. مۆسیقا، کە لێ دەدرێ، زۆرجار کردەیەکە، دەربازبوون جەخت دەکا، شتێک کە لە دەروونی کارەکتەرەکاندا ڕوو دەدا، بەڵام بۆ بەردەنگ دیار نییە. دووبارەبوونەوەی وشە و چەمک (کارەکتەرەکان یان تێناگەن ئەم وشانە مانایان چییە، یان لەگەڵ ماناکانیاندا هاوڕان) جەخت لەسەر نامۆکردنی زمان دەکەن و دەبنە هۆی ئەوە، کە خوێنەریش بە چەشنی کارەکتەرەکان، بەرانبەر مانای ڕاستەقینەی وشەیەک دۆش دابمێنێ؛ ئەمەیش جۆرە فێڵێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە. سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزەی ئەبستراکت و ئەو یارییە زمانییانەی نێو تێکستەکە، هەرگیز بەر لێڵی و نامۆیی ناکەوی. دانا ڕەئووف بە سەرکەوتوویییەوە ئاماژە بە زیانلێکەوتنەکانی کورد/ شێوازی جووڵەی دیاسپۆرا دەکا بێ ئەوەی، کە ئەمانە ڕوون بکاتەوە، من لەم بارەوە بە چاوی ڕێزەوە لە شێوازی کارکردنەکەی دانا دەڕوانم. ئەگەر هەموو ئەم شانۆنامانە وەربگێڕدرێن و بخوێنرێنەوە، بە هیچ شێوەیەک سۆسەی ئەوە ناکەی، کە کوردین. تاکە خاڵی لاوازی مینیمالیزمەکەی دانا ئەوەیە، کە دیالۆگەکان هێندێک جار ناگەن بەو لووتکە فەلسەفییە، کە ئاماژەکان و دووبارەبوونەوەکان مەبەستیانە پێی بگەن – ڕەنگە خوێندنەوەی دەقی شانۆیی، لە جیاتیی ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆدا بیبینی، هەر ئەمە ئاکامەکەی بێ. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم شانۆنامانە یەکجار زۆر بەهیزن، هاوکات ئەوەیش دەسەلمێنن، کە دەقی شانۆنامە و درامی کوردی پێ بە پێی ڕەوتی نێونەتەوەیی هەنگاو دەنێ و بەشدارە.

دانا ڕەئووف نووسەرێکی یەکجار کاریگەرە، ساڵانێک، بۆ نموونە، نوورێن، پینتەر و ستریندبێرگی وەرگێراون، هەروەها چەندان کتێبی لەبارەی تیۆریی دراماتورگی و مێژووی تیاتری مۆدێرن و ئەزموونگەرای بە کوردی نووسیوە. ئەو شانۆنامانەی، کە دانا ڕەئووف نووسیونی، پێ لەسەر کاری بەهێزی تیۆری دادەگرن و ئەم کارانە کەموزۆر دەبن بە نوێنەری ئەو ڕوانگە مێژوویی و هاوچەرخەی، کە خۆی برەوی پێ داوە.

دانا ڕەئووف بە درێژاییی چەندان ساڵ خوێندوویەتیەوە، وەریگێڕاوە و سەرقاڵی توێژینەوە بووە (لە چوارچێوەی شانۆنامەدا)، ئەم ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنانەیشی هەر لەو ڕێگەیەوە هاتوونەتە دی. دانا توانیویەتی بیر لە ڕۆڵ و ئەرکی دراماتورگی کوردی بکاتەوە، سرووشی لە نووسەرە بەرچاوەکان وەرگرتووە و توانیویەتی ببێ بە دەنگێکی دیار.