كەریم تاقانە كورتەڕۆمانێكی نووسەری سوێدی فرێدریک بەکمان دەكاتە كوردی

ئامادەكردنی: هانە شاخی

وەرگێڕی بەتوانا كەریم تاقانە كە چەند ساڵێكە سەرقاڵی كاری وەرگێرانەو لەو ماوەیەشدا چەندین بەرهەمی جوان و ناوازەی ئەدەبی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە، لە نوێترین كاریشیدا ئەم وەرگێڕە كورتە ڕۆمانێكی نووسەری ناسراوی سوێدی (فرێدریک بەکمان)ى كردۆتە كوردی بەناوی “هەموو بەیانییەک ڕێگەی ماڵ درێژ و درێژتر دەبێتەوە”

ئەم كتێبە لەلایان تیکۆشەر خالیدەوە بەرگەکەی دروست کراوەو شاڵاو حەبیبە دیزاینی ناوەوەی کردووە و لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە.

دەربارەی ئەم كارەی وەرگێڕ (كەریم تاقانە) تایبەت بە سایتی (KNA) ووتی” ئەم کورتە ڕۆمانە کتیبێکی بچکۆلانەیە کە باسی خۆشەویستیی مەزن دەکات. باسی بیرچوونەوە و تەنیایی و مەرگ و کێشە دەروونییە دەستوپێگرەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات. فرێدریک بەکمان خۆی لە پێشەكی ئەم كتێبەدا نووسیویەتی و باسی چۆنیەتیی نووسینی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت”
ئەمە چیرۆکێکە، باسی ئەوە دەکات چۆن مرۆڤ، بەر لەوەی بمرێت، زەینی لە دەست دەدات. ئەگەر لەگەڵت تەواو ڕاستگۆ بم، دەبێت بڵێم هەرگیز بە تەمای ئەوە نەبووم چیرۆکەکە ببێت بە کتێب. ئەمە تەنیا هەوڵێک بوو، هەتا لە ناخمدا شتێک لە یەکتر جیا بکەمەوە، ئاخر من کەسێکم لە نووسیندا زیاتر خۆمم، تا لە قسەکردندا؛ من ناچارم جاروبار بیرەکانم لە پیتدا ببینم، هەتا تێبگەم چ هەستێکم هەیە.
دەقەکەم لە بلۆگەکەمدا بڵاو کردەوە، بە درێژاییی ساڵێک لەوێ کەوت، بە هیوای ئەوەی خوێنەرانێکی خێرخواز، کە حەزیان لە دەقەکە کردبێت، دڵخوازانە پارەیەک ببەخشن. پاشان دەقەکە، ڕاستیتان دەوێت، ژیانی خۆی ژیا و ئێستایش ئەوەتا دەبێت بە کتێب، هەرچەند سەرەتا بە تەمای ئەوە نەبووم. بە تەما نەبووم بچێتە سەر کاغەز و ببێتە خاوەنی بەرگ و هەموو شتێک.
ئەو ماف و پاداشتەی هیی منن، دەدرێن بە دامەزراوەی مێشک ، کە دامەزراوەیەکە پارە لە پێناوی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە نەخۆشییەکانی مێشک-دا کۆ دەکاتەوە. ئەگەر تۆ حەزت لە نێوەڕۆکی کتێبەکە کرد، شتێکی دووبەرانبەر باشە، ئەگەریش بە هیچ جۆرێک بە دڵت نەبوو، ئەوە بە هەر حاڵ، پارەکەت لە پێناوی ئامانجێکی باشدا داوە. هیوادارم ئەمە پێکهاتنێکی مەنتیقی بێت.
ئاخر چیرۆکەکە باس لەوە دەکات: لە مێشک. ئەم ڕازە گاڵتەئامێزەی نێو کەللـەمان، کە ڕێی پێ داوین دنیا کەشف بکەین، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی خۆش نەکردووە هەتا بتوانین پەی بە ڕازەکانی خۆی ببەین. دەمویست هەوڵی گێڕانەوەی ئەوە بدەم چ ڕوو دەدات وەختایەک مێشک وازی لە زەوی هێناوە، بەر لەوەی جەستەمان واز بهێنێت. ئەمە نامەی بچووک بچووکی عاشقانەی لێ کەوتەوە، لەنێوان پیرەپیاوێک و نەوەکەیدا، لەنێوان پیاوێکی گەنج و ئەوینە مەزنەکەیدا، لەنێوان باوکێک و کوڕەکەیدا.

   فرێدریک بەکمان


کتێبەکە بوو بەم هەوڵە بچووکەی من، کە مامەڵە لەگەڵ هەموو ترسێکدا بکەم، ترس لەوە کە دەزانم هێندێک لەو مێشکە مەزنانە، بەرەبەرە، بە جێمان دەهێڵن. ترس لەوە ئێمەیش، کە بە جۆرێک ماوینەتەوە، دەبێت بژیین و بیری کەسێک بکەین هێشتا لێرەیە. پێم وایە هەموو مەسەلەکە لەو گفتوگۆیەوە دەستی پێ کرد کە بیستبووم. لەو گفتوگۆیەدا، یەک لە کەسە دڵخوازەکانم دەیگوت: “خراپترین مەسەلەی پیربوون ئەوەیە مرۆڤ چیی دیکە هیچ بیرۆکەیەکی بۆ نایەت.” ئەو وشانە هەرگیز بە یەکجاری بە جێیان نەهێشتم، ئەو خەمە بە دڵمەوە نووسا: خەیاڵ دەتوانێت بەر لە جەستە، واز بهێنێت. ئەمە هەستێکە، پێم وایە لە دڵی هەموواندا هەبێت، ئاخر ڕەگەزی مرۆڤ، سەیرە، بە جۆرێک هەر دەڵێیت زۆربەمان زیاتر لە پیربوون دەترسین، تا لە مردن. بەڵام لە ناکاو لەوە بدوێین بیرۆکەمان پێ نەمێنێت؟ فانتێزی لە دەست بدەین؟ لە ناخەوە ڕووخام، چونکە فانتێزیی من، هەموو شتێکم بووە. وەختێک بچووک بووم، دنیای گەورە گەورەم ساز دەکرد و هەر جارێک بترسایەم و هەستم بە تەنیایی بکردایە و نەمزانیایە چۆن خۆم لەگەڵ واقیعی ژیاندا بگونجێنم، بارگەوبنەم دەپێچایەوە و دەمگوێزایەوە نێو دنیاکانم. ئێستایش، کە بوومەتە پیاو، هێشتا هەر دنیاکانی خۆم ساز دەکەم، ئاخر هێشتا بە ڕێکوپێکی لێیان نەگەیشتووم. ئەوان ژیانی منیان ڕزگار کردووە. ئیتر ئەمەیش، بوو بە چیرۆکێک، لەو بارەوە.
وەک گوتم، بە تەما نەبووم ئەمە ببێت بە کتێب، بەڵام ئێستا کە بووە، دڵخۆشم بە دەستتەوەیە و دەیخوێنیتەوە. ئەم کتێبە بەر لە هەر شتێک، باسی کات دەکات. سوپاس، کە کاتی خۆتی پێ دەدەیت.
فرێدریک بەکمان.

سەرچاوە: http://www.knanews.net/