شوێنبەری و بازەوانی لەنێو تایفەی بازگردا

شوێنبەری و بازەوانی لەنێو تایفەی بازگردا

نووسین و ئامادەکردن: سارۆ خوسرەوی

دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆک: ناوەندی کەپر

نۆبه‌ی چاپ: ٢٠٢٣ چاپخانه‌ی کارۆ سلێمانی


پێشەکی

دیاردەی شوێنبەری و بازەوانی هەر لە کۆنەوە لەنێو تایفەی بازگر لە دەڤەری کرماشان، باو بووە، بەڵام لە بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژوویییەکانی کوردستاندا، تا ئەو جێیەی من ئاگەدار بم، ئاوڕ لەم شوێنبەری و بازەوانییە نەدراوەتەوە؛ بە درێژاییی مێژوو، ئەزموون و بەهرەی تایبەت لەنێو زۆرێک لە ئێڵ و تایفە جیاوازەکانی کوردستاندا هەبووە کە دەرخەری ژیری و توانستی ئەوان بووە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا.

بەشێکی زۆری ئەو بەهرە و ئەزموونانە لە داپیر و باپیرەکانەوە وەک میرات ماوەتەوە. من، وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بازگرەکان، بۆ ئامادەکردنی ئەم کتێبە، جگە لە بەسەرکردنەوەی سـەرچاوە مێژوویییەکان، پشـتم بە وتە و بیرەوەریی کۆچکردوو ڕۆستەم خوسرەویـی باوکم و، کۆچکردوو مام ئەسەدووڵڵا بەستووە. بێجگە لەم دوو کەسە، وتە و بیرەوەریی بەڕێزانی دیکەی وەک مام عەلیمحەمەد خوسرەوی، مام حوسەین سەفەری، عەزیز میهرابی، عەلی میهرابی و کاکەبرا خوسرەویـم بە لاوە گرنگ بوون و کەڵکم لێ وەرگرتوون. تا ئەو شوێنەی پێوەندیی بە دیرۆک، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونی تایفەی بازگرەوە هەیە، لە سەرچاوە مێژووییەکان کەڵکم وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەزموونی شوێنبەری و بازەوانی و، شێوەی ژیان و گوزەرانی بازگرەکان بە درێژاییی مێژوو، لێکۆڵینەوەکەم مەیدانی بووە. کە دەڵێم تایفە و بنەماڵەکانی بازگر، زۆرتر مەبەستم بازگرەکانی دەشتی زەهاو و داڵاهۆن لە دەڤەری کرماشان. لە دەڤەرەکانی لۆڕستان و ئیلامیش، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانی ناوچەکە، چەند تایفە و بنەماڵەیەکی دیکە بە ناوی بازگر هەن. بۆ ئەوەی بزانین لە دیرۆکی کۆنی کوردستان و ناوچەکەدا، دیاردەی بازەوانی کەی و لە کوێ سەری هەڵداوە، کەڵکم لە گەشتنامەی گەڕۆک و شوێنەوارناسانی بیانییش وەرگرتووە.

شوێنەوارناسانی بیانی، لە گەشتنامەکانیاندا، بە بەڵگەوە ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە دیاردەی بازەوانی، لە دێرزەمانەوە لە کوردستان هەبووە، زۆرتر کوردەکانی ناوچەکە بازیان ڕاو کردووە، بەڵام بازەوانی لە هیچ شوێنێکدا بە ناوی کوردەوە تۆمار نەکراوە. لە کتێبخانەی گشتیی ستۆکهۆڵم توانیم کتێبێک لە بەشی شوێنەوارناسیی کتێبخانەکە بدۆزمەوە، کتێبێک بە ناوی گەشتنامەی لایارد. نووسەری ئەم کتێبە، گەڕیدە و شوێنەوارناسێکی ئینگلیزییە بە ناوی “ئاوستین هێنری لایارد”. ناوبراو لە کتێبەکەیدا بە بەڵگەوە نیشانی داوە کە مێژووی بازەوانی لە کوردستان، لە ڕۆژگاری زۆر کۆنەوە هەبووە. لە دوو ڕوانگەوە، دیاردەی بازەوانی گرنگە: یەکەم: لەبەر ئەوەی جۆرێک یاریی کەونارایییە. دووەم: چونکە لە ڕوانگەی بازگرەکانەوە، باز تەنیا باڵندەیەک نییە کە لەبەر جوانییەکەی و بۆ ڕاوکردنی باڵندەی دیکە ڕاوی بکەن و ڕایگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەیشە کە ئەم باڵندەیە لای ئەوان هێمایە و بە چەندان شێوە باسی لێوە دەکەن. هەندێکیان دەڵین باڵندەی باز، باڵندەی بەختە و بەخت لەگەڵ خۆیدا دێنێ. هەندێکی دیکەیان بە نمادی دووربینی و سەرفرازی ناوی دەبەن. هەروەها لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یاری و ئەدەبیاتی حەماسیی گۆرانیشدا، زۆرجار ئاماژە بە وشەی شاباز کراوە. شاباز لە ئەدەبیاتی یاری و گۆراندا، بە واتای ژیانی شاهانەیە، ژیانێک کە تێیدا مرۆڤ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و بندەستی قبووڵ نەکات. لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یاریدا وشەی «باز» بۆ زاناکانی یارییش بە کار هاتووە. وەک ئەوەی پیروەیس قەڵخانی، لە چەند بەندی کەڵامدا باس لە باز دەکات، وەک هێمای شاهانە. پیروەیس دەڵێت:

سەبت سفیدی سەفحەی بلووری

شەم بی وە شاباز لیف کافوری

هەم شەم، هەم شاباز، هەم شاباز شەم

پیچان نە دەور سەیاد سەرجەم

سەیاد تووڕ دام بازەش بەردەوە

جەم دا وە جەماڵ دانەی زەردەوە

 

لەم کەڵامەدا، هەر دوو وشەی شەم و شاباز گرنگ و واتادارن. شەم لێرەدا بە واتای ڕووناکیی خۆرە، بەڵام بە واتا فەلسەفییەکەی، شەم لە جەمی یاریدا دەبێتە هێزی ڕووناکی. باز وەک باڵندەیەکی بەرزەفڕ، مەیلەو ڕووناکی و نوور دەفڕێ. باز لێرەدا بە واتای زانایانی یارییە و شابازیش واتای شای زانایانە کە لە بەر ڕووناکی و لە بەرزایییەوە چاودێریی کۆمەڵگە دەکات و دەبێتە ڕێنوێنی. باز بە پێچەوانەی باڵندەکانی دیکە لە بەر تیشکی خۆردا دەفڕێ، هەم ئەوینداری ڕووناکییە و هەم پێی خۆشە دنیا لە بەرزاییەوە، بەرفراون، ببینێ. لە ئایینی یاریدا ئەو کەسەی کە لە جەمی زانایاندا بۆ پلەی پاشایی هەڵدەبژێردرێ، پێی دەوترێ شاباز. بەو جۆرەی لە کەڵامەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، شاباز دەتوانێ ببێتە خۆر یان ڕووناکیی جامی جەم لە ئایینی یاریدا. شاباز وەک ڕووناکیی خۆر دەردەکەوێ و زانایانی یاریش وەک ئەستێرەی گەڕۆک بە دەوریدا دەسووڕێنەوە. لە ئەفسانەی وڵاتانی دنیایشدا، باز بە هێمای توانایی، ئازادی، ئارامی، مەزنی و شازادەی ئاسمان و ژینگە لە قەڵەم دەدرێت.

لە ئەفسانە کۆنەکاندا هاتووە، هەر کاتێک و بە هەر هۆکارێک شای وڵاتێک مردبێ، خەڵک لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بازێکیان بەرەڵا کردووە، بازەکە لە سەر شانی هەر کەسێک نیشتبێتەوە، ئەو کەسە بووەتە پاشای وڵات. ئەم جۆرە هەڵبژاردنەی پاشا، بە «بازگەردان» بەناوبانگ بووە. دیارە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە باز وەک باڵندەی بەختیش باسی لێوە دەکرێ. دیرۆکی تایفەی بازگر لە داربەڕوویەکی بێناز دەچێ، هەر ڕیشەیەکی داستانێکی لە پشتە، داستانی کۆچ، جوامێری، ڕادەستنەبوون بەرانبەر زوڵم و زۆری ئەرباب و ئاغا، شۆڕشگێڕی، وڵاتپارێزی، شوێنبەری و بازەوانی… مەسەلەی شوێنبەری لای تایفەی بازگر، زۆر باسوخواس هەڵدەگرێ. شوێنبەرەکانی بازگر تەنیا بەپێی ئەزموونی خۆیان، شوێنپێیان هەڵگرتووە، شوێنپێی دز. ئەوان لە بڕشتی زەین و هۆش و هەستی دەروون، کەڵکیان وەرگرتووە، کە ئەمە لە “چاکرا”دا زۆرتر پەیوەندیی بە چاوی سێیەمەوە هەیە. لە بەشی شوێنبەریدا، زۆرتر لەبارەی خاڵی هاوبەش لە نێوان چاکرا و دیاردەی شوێنبەریی بازگرەکان باس دەکەم.