سەرم داناوە لەسەر دڵت

سەرم داناوە لەسەر دڵت

بابەت: شیعر
نووسەر: کەریم تاقانە

کەریم تاقانە دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ نووسین و وەرگێڕان، واتە دوای نووسینی چەندان کورتەچیرۆک و وتاری ئەدەبی بە زمانی سوێدی و، وەرگێڕانی چەندان ڕۆمان و شانۆنامە و کتێبی شیعری لە زمانی سوێدییەوە، سەرم داناوە لەسەر دڵت چاپ و بڵاو دەکاتەوە؛ ئەمە ئەزموونی تاقانەیە لە دنیای شیعر و شیعرنووسیندا، هاوکات یەکەمین کۆمەڵەشیعری بڵاوکراوەیشیەتی.

تاقانە ساڵی ١٩٩٣ چیرۆکێکی کورت لە ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت و لە پاشکۆی ڕۆژنامەی عێراقدا لە بەغدا بڵاو دەبێتەوە. تاقانە بەم هەنگاوەی دێتە نێو دنیای زمان و ئەدەبیاتی کوردییەوە، شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان دەنووسێ و لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەدا بڵاویان دەکاتەوە کە لە بەغدا دەردەچوون.

 

  کێ مرۆڤە، کێ؟

  ئەو ژنە شێوێ شک نابا،

  کچۆڵە ئاو دەفرۆشێ،

  باڵندەیەک تینوویەتی.

 

  مرۆڤ کێیە؟

  تۆ خوانەکەت ڕەنگاوڕەنگ،

  ئەو کێڵگەی تاریکی تێراو دەکا،

  من سێرە دەگرم لە گوڵەستێرە.

 

تاقانە لە کۆمەڵەشیعری سەرم داناوە لەسەر دڵتـدا بە وشەی کەم و دەربڕینی کورت، بە زمانێکی پاراو و بێگرێوگۆڵ، وێنە و ئەتمۆسفێری جیاجیا دەخوڵقێنێت. ئازاری تاراوگە، خۆشەویستی بۆ زمان و خۆشەویستی بۆ مرۆڤ ئەو چەمکانەن ڕەگاژۆی شێعرەکان بوونە.

 

  دوو جێناو بووین،

  جیهان

  ناوی لەسەر داناین؛

  بووین بە شاڕەگی مەعنا.

 

  دەستێک تەکاندی هەناری دڵمان.