سه‌وداکه‌ی ژیانت

نووسینی: فرێدریک بەکمان

کەریم تاقانە لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی

بابەت: ڕۆمان

چاپ: ٢٠٢١ ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر

ئەمە چیرۆکێکە لەبارەی ئەو نرخەوە کە لە پێناوی ڕزگارکردنی ژیانێکدا دەیدەیت. ئەگەر ئەم نرخە تەنیا خوازیاری ئەوە نەبێت کە داهاتووت بکەیتە قوربانی، بەڵکو تەنانەت بخوازێت مێژوویشت بکەیتە قوربانی، چی؟ نەک تەنیا ئەو شوێنانەی بۆیان دەچیت، بەڵکو تەنانەت تەواوی شوێنەپێیەکانیشت بسڕێنەوە. ئەگەر هەموو شتێک پێکەوە بوو، هەموو شتێکی تۆ، ئەوجا ئەم قوربانییە بۆ کێ دەدەیت؟

نـاوی چیـرۆکـەکە «سەوداکەی ژیـانت»ـە و یەکەمین جار لە ڕۆژنـامەی داگبلادی هێلسینگبۆریـدا، ئێـوارەی کریـسمەسی ٢٠١٦، بڵاو بووەوە. شەودرەنگانێکی دیسەمبەر نووسیم، لە حاڵێکدا ژنەکەم و منداڵەکانم چەند مەترێک لەو لامەوە خەوتبوون. من یەکجار زۆر ماندوو بووم، ساڵێکی درێژ و سەیر بووبوو و دیار بوو لەوە زیاتر کە دەرەقەتی دەهاتم، گوشارم بۆ هاتبوو. بۆیە لە تاریکیدا دانیشتم و بیرم لە هەڵبژێریی مرۆڤ کردەوە. چۆن ئێمە هەموو ڕۆژێک، لە هەموو شوێنێکدا، بە یەک ڕێگەدا دەڕۆین، لە جیاتیی ڕێگەیەکی دیکە. سەفەر دەکەین، ڕادەوەستین، گەمە دەکەین، خۆمان دەشارینەوە، عـاشق دەبین، یەکتر بە جێ دەهێڵین یان تا دەتوانین لە نزیکی یەکتـر لە خەو ڕادەچین. لە هەناسەی یەکتردا دەخەوین. هێـندێکمان ڕەنگە پێویستمان بە کەسێک بێت کە هەموو بەیانییەک خۆشەویستیمان پێ ببەخشێت، هەتا بە ڕاستی تێبگەین کات چییە. هەتا بکەوێتە بیرمان چیمان لە دەست دەچێت، وەختێک هۆشیار نیین.