سه‌رزه‌مینی هه‌موو ناوه‌کان
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
بابه‌ت: شیعر
دیزاینی به‌رگ و ناوەوە: ناوه‌ندی که‌پر
نۆبه‌ی چاپ: یەکەم ٢٠٢٣
شیعرێک له کتێبه‌که‌وه:
ڕوخسار و شوێن
هه‌تاوی نیوه‌ئاوابووم دەڕژێنمە ڕسته‌ی یه‌كه‌می هەواڵێک
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانی قوربانییه‌كان
تەم هات و هەنگاو گران بوو
لە ئاهه‌نگی یادەوەریمان ده‌ركراین
لە شوێنی جیا جیا زەوی دەستی لە ڕێبوار بەرز کردووەتەوە
مرۆڤ یەکەم جار پەنجەی بە پێڵووی خۆیدا هێنا
نەرمی کرد بۆ بینین و جیاکردنەوە
نەرمایی پەنجەی دڕ بوو
نەیتوانی خەڵکی تر بکاتە تاسە و سيماى بڕسكێ
دەنگە دوورەکان بناسێتەوە
مرۆڤ شاراوە و نهێنیی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
گۆڕیان به‌تاڵ كردین و ئێسكیان كردينه قۆپچه‌ی جلوبه‌رگی سه‌ربازی
كۆشكێك سه‌یری چوارده‌وری خۆی ده‌كا و هه‌تا بڵێی چاوی كراوه‌یه
نەخرۆشا و بازی نه‌دایه سه‌ر ڕێگای سۆراخی به‌ئاكام
کەڵەبابی شەڕ هاتە سەر زەنگی دەرگا
وزە ئەفسانەیییەکە مەشقی بە تفه‌نگ و ئەسپەکەی کرد
نەچووە ڕاو
نەچووە جەنگ
ڕەگی مەچەکی خۆشی نەبڕی
لە تەنیایی نەترسا و نه‌چووه ناو ڕووناكییه‌كی نائاشنا
بە ناوچەوانی پاک و بێگەردی چیا و چۆمێکی
ئەوبەر و ئەمبەری بە درەختی بەبەر پڕ
به‌ده‌م هه‌وای خۆشه‌وه سه‌ركه‌وت
توانی گوێ لە خۆی بگرێ و دەنگە دوورەکانی ناسییەوە
خۆر لە سەری بەرز بووەوە و گومبه‌ت ده‌ركه‌وت
قۆزاخە خەمڵی و باڵی تێدا نواند
تێکەڵ بە تەم نابێ و ئارەزووی بەدی دێنێ
باڵندەيەك بۆ ئەم شارە به ئاسمانەوەيە
هەر ئەمڕۆ دەگا و سەيرى دواچڵ دەكات
ئێستا بير لە باڵندەيەك دەكەمەوە
لە خوێن و گۆشتى پياوێكى هەتاو نيوەئاوابوو