دیوانی جهلالی میرزا کهریم
- دیوانی جهلالی میرزا كهریم
- شاعیر: جهلالی میرزا كهریم
- بابەت: شیعر
- کۆکردنهوه و پێداچوونهوه: سهباح ڕهنجدەر
- پیتچنین: یاد سەباح ڕەنجدەر – ژیار ئهسوهد
- هەڵەگر: شێرزاد فهقێ ئیسماعیل – ژیار ئهسوهد
- نەخشەسازی بەرگ و ناوەوه: ناوهندی کهپر
- چاپ: چاپی یەكەم ٢٠٢٣
قەڵەمكێشی جەلالی میرزا كەریم بە وشە (نووسینی سهباح ڕهنجدەر)
یەكێك لە خاڵە گرینگەكان، بۆ ژیانی نووسەر و ڕێزلێنان لە نووسین ئەوەیە: بە شێوەیەكی تەندروست و زانستی كاتی خۆی ڕێكبخات و باش بەكاری بهێنێت. ئەم جۆرە ڕێكخستنە نەك وەك نووسەر یارمەتی دەدات، بگرە وەك ژیانی فەرمانبەری و خێزانیش دەبێتە هۆ و هۆكاری یارمەتیدان و كارایی ژیان. ئەمەش هەستێكی تەواو داهێنەرانەیە و پەیوەندیی بە داهێنان و پەیوەستبوون بە داهێنانەوە هەیە. بەم شێوەیە هەلومەرجی سوود وەرگرتنی بۆ دەڕەخسێت و خۆی لەگەڵ كاتی باش بەكارهاتوو دەگونجێنێت. لەم باروبوارەدا، كات دڵی نووسەر بە لای خۆیەوە ڕادەكێشێت و بەرهەمدار دەبێت لە ڕووی نووسینەوە، نووسەر بە قووڵی نووسین دەناسێت.
ناسینی قووڵیی شیعر، خاڵی بەهێزی پەیوەندییە بۆ یەكتر ناسینی شاعیر و خوێنەر، یان كۆمەڵگا. كەسێك، كەسێكی نەناسراو لە ئەستێرەیەكی دوور، یان دەوروبەرێكی پارێزراو، یان بە ژاوەژاو و پڕ مەترسی. هەست بە نزیكبوونەوەت دەكات، بە حەز و خولیای ئەدەبیی بێگەردەوە لەگەڵت دادەنیشێ و گفتوگۆی نێوانتان لەبارەی ئەدەب و جیاوازییەكانەوە گەرم دەبێت. هەر ئەم ڕووداوەیە ئەدەبی كردووەتە دیاردەیەكی گەردوونی و سەرسوڕهێنەر.
ئەو پرسیارەی دەكەوێتە نێوان شیعر و كۆمەڵگا بە چ ڕێگایەك دەگاتە دۆخی شكۆمەندیی بەكارهێنان و داهێنان، شاعیر بە چ زانیاری و پێوەرێك ئاسۆی نێوان شیعر و كۆمەڵگا دەپێوێت. زمانی كۆمەڵگا كەمتر لەناو ڕۆشنبیریی نوێبەخشدا كارا و چالاكە، بگرە لە ئاستی دەستنیشانكردنی شتەكاندا ئەفسوون و هێزی خۆی ڕادەگەیەنێ. لە هەمان كاتیشدا زمانی كۆمەڵگا زمانێكی فرە دەنگ و فرە پەیوەندییە، توانای داهێنانی زمانی تێدایە و وزەكانی دەربڕین پەرە پێدەدات، پێویست نییە شاعیر وەك گومان و ترسێك لێی ورد بێتەوە و خۆی لێ تار و تەریك بگرێت، كۆمەڵگا بەردەوام لە ڕێگای داهێنانە هەمە جۆرەكانییەوە وزەی زمانی بەرز دەكاتەوە، بەڵام لە شیعردا زمانی، سۆزی بۆ خەون و داوا و پێشبینی و هەست ….. تاد، هەیە و ئاستێك دیاری دەكات و بەسەر پێكهاتە دەروونییەكانی دەكرێتەوە.
لە كرانەوەیدا كاكڵی كاكڵەكانە. دەستبڵاوی لە بەكارهێنانیدا مەبەست و مانا ماندوو دەكات، لە هەمان بەكارهێنانیشدا چڕكردنەوەی زیاد لە پێویستیش دیسان مەبەست و مانا ماندوو دەكات. لە هەردوو باری بەكارهێناندا زمان توانای پاراستنی بێدەنگی نامێنێت. (جەلالی میرزا كەریم) لە بنەماڵەیەكی سیاسی و ڕووناكبیر و شۆڕشگێڕدا، لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٥ لەدایك بووە، بە بڕوایەكی پتەوەوە بەشداری لە ڕۆشنبیریی زمانی نەتەوەی خۆیدا كردووە.
زمان لە دەقی: (ڕازێكی دەروون – گۆڤاری تووتن، ژمارە 4ی ساڵی ١٩٧٠، ل: ٦٠) و دەقی: (بڕوای شار – گۆڤاری ڕزگاری، ژمارە 9ی ساڵی ١٩٦٩، ل: ١٧)دا ڕووداوێكی دەگمەن نییە، درێژبوونەوەی ئەو زمانەیە دوابەدوای شیعری كلاسیكی دێت و پێبەپێ تا دێتە خوارەوە كاڵ و كاڵتر دەبێتەوە. زمان تێیدا ئاسۆی یەك ئاستی وەرگرتووە و پێكهاتە و سروشتێكی باڵا و جەربەزە ڕووبەڕوومان نابێتەوە. واتە سەرلەنوێ هەستی پێ ناكرێتەوە. هەست بە شتێك بكەیت و نەزانی چییە. سەرسامی و دۆزینەوەی نادیاری لەم نوختەی نەزانین چییەدا دێتە كایەوە و وەك كەرەستەیەكی خاو و پەی پێ نەبردراو فۆرمی زەینی وەردەگرێت.
زمانی لە خودی شیعرییەوە نەبردووەتە ناو خودی كۆمەڵگاوە، بگرە لە خودی كۆمەڵگاوە بردوویەتییە ناو خودی شیعرییەوە، جۆرێك توندوتیژی و ترس و تۆقانی خستووەتەوە. بەم شێوەیەش زمان دەوڵەمەند و ئەزمووندار نابێت، لە دەروونڕۆشنی بەتاڵ دەبێتەوە و هەست و نەشونما دەوەستێت. لەگەڵ ئەمەشدا بارودۆخی ژیانی حەفتایەكانی كۆمەڵگای كوردی و زەمینەی شیعریشی ئامادەیی ئەوەی تێدا بوو، ئەو زمانە وەربگرێت و قبووڵی بكات. لە ئاستی بەكارهێنانی هێماشدا قووڵایی هێمای نەپاراستووە، لە قووڵایییەكی پێویستدا هێما بەرەو ژیانێكی بزێو ناڕوات، بگرە بەرهەمێك دەهێنێتە كایەوە و لەناوی ڕوون دەبێتەوە و بەشداری خۆی ڕادەگەیەنێ. لەم ڕاگەیاندنەدا زمان پێویستییەكی بنەڕەتی مرۆڤانەیە و هەموومان بە شێوەیەكی هاوبەش بەكاری دەهێنین و كەڵكی لێ وەردەگرین. كەڵك وەرگرتنێكی دیاریكراو و هەستكردن بە شكۆمەندیی دۆزینەوەی بەشێك لە هەقیقەت. ئەو هەقیقەتەی دەتەوێ لێی بدوێی تاقیكردنەوەی دەوێت و دەبێت لە ڕەفتاری ئاخاوتندا بەدی بكرێـت. هەموو تاقیكردنەوەیەكیش كەرەستە خاوەكانی ژیان و جیهان لەباری دۆخ و شێواز و واتادا تازە دەكاتەوە و ئارەزووی پێشنیازكردن بەهێز دەكات، لە هەمان كردەشدا كاتێكی مێژووی ژیان و جیهان ڕادەگەیەنێت. ئەم كاتە ڕاگەیاندراوە، هونەری داهێنەری هەقیقەتە. بەشێك لە پێداویستییەكان بە ژیان و جیهان دەبەخشێت.
ئەگەر بتەوێت بەسەر شیعردا زاڵ بیت، دەبێت شیعر باش بناسیت. هەموو شیعرێك لە شوێنی خۆی پێدەگات و دەناسرێت. ئەو هونەرەی ئەو بە دوایدا دەگەڕێت بیدۆزێتەوە ڕێك لەگەڵ ئەو شوێنەی شاعیرەكەی تێدا پێگەیشتووە گەشەی كردووە. پێگەیشتنی پێكهاتەی هونەری شیعر بە پێودانگی شوێن و كلتوورەوە پەیوەستە. واتە: بیركردنەوە و وێناكان ئاكاری شوێن وەردەگرن. شوێن هێڵێكی بەردەوامە و لە فەرهەنگ و كلتووردا پێگەیشتووە و درێژ دەبێتەوە و دەگات بە هێڵی بیركردنەوەی هەموو شاعیرێك. شاعیریش وەك پێكهاتەی سەرەكی و ناسنامەی داهێنان مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. شوێنیش خۆی بە ئاكاری دانیشتووان دەڕازێنێتەوە.
(كاروانی وشەی ڕاچەنیو) كۆشیعری یەكەمی ئەم شاعیرە بووە. ساڵی ١٩٧٤ ئامادەی چاپی كردووە و بردوویەتییە چاپخانە و تەنانەت بووەتە فیلمیش. بە هۆی بارودۆخی سیاسی لە چاپخانە وەرگیراوەتەوە. شاعیریش لەم كاتەدا بەغدای جێهێشتووە و بووەتە پێشمەرگە، ئەدیبی ناسراو: (محەمەدی مەلا كەریم)، پێشەكی بۆ نووسیوە و هەم بە ئامانەتیش لای داناوە. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ساڵانێكی زۆر وەك پەنابەری دژە دەسەڵات لە ئەمەریكا ژیا و لەگەڵ ڕاپەڕیندا گەڕایەوە كوردستان و هاتەوە ناو كۆمەڵگای پڕ جووڵە و زیندووی خۆی و كانگای هەڵڕشتنی هەستەكانی. كوردستان و كۆمەڵگای كوردی ناو و ناولێنانێكن، بوونی ڕاستەقینەیان لە شیعرەكانیدا هەیە و شادەماری خوێنین. ئەمیش لە هەر كوێیەك بووبێت خوێن بووە بۆ كوردستان، ماوەیەكی كەم تێیدا مایەوە، لە ١٤/١/١٩٩٣ لە هەولێر كۆچی ناكۆچی كرد، كەچی ئەم ئامانەتە سەرە داوێكی نەدرایە دەست كەس و هیچ هەوڵێكی دیاریشی بۆ چاپكردنی نەدراوە، كە گرینگترین كۆشیعری نوێبەخشی بزووتنەوەی ڕوانگەیە، دەربڕین لە زمان و فۆرم و شێوازی داڕشتنی ئەم بزووتنەوەیە بكات. شیعری شاعیرانی ئەم بزووتنەوەیە بە گشتی لەناو تەمومژێكی وشیارانەدا بارگاوی بوو بە ئایدۆلۆژیا، شیعری بارگاوی كراویش بە ئایدۆلۆژیا پەیوەستە بەو دۆخە ئێستایییەی، كە تێیدا دەژی و دۆخێكی نیمچە هەڵخەڵەتێنەرە.
گەردوون بە جۆرێك ترپە و ئاوازی دامەزراو، بە دوای یەكدا هاتنی تاریك و ڕووناكی و وەرزەكان ….. تاد، هەڵدەسووڕێنێ. ئەو جۆرە ترپە و ئاوازەی، كە گەردوون بەڕێوە دەبات، گواستراوەتەوە ناو دەروونی مرۆڤ و وزەیەكی زۆری لە بیر و مێشكی خستووەتە گەڕ بۆ هێنانە كایەی بەها ئێستێتیكییەكانی ژیان ڕێكخستن. لێدانی دەمارەكانی لەشی مرۆڤ جۆرێك ترپە و ئاوازی بەڕێوەبردنن. گرینگترین ترپە و ئاواز لە ڕۆیشتنی مرۆڤەوە پەیدا بووە و خۆی لەگەڵ هەقیقەتدا گونجاندووە و جۆرێك چاوگی هۆشیاربوونەوەیە.
لە شیعریشدا لە یەكەم دێڕییەوە تا دوا دێڕی ڕۆیشتنێكی نەرم هەیە، ترپە و ئاوازی ئەو ڕۆیشتنە دەبێتە ئاهەنگ. شیعری ئەم شاعیرەش بە هۆی بوونی سروشتێكی ترپە و ئاوازییەوە، دەربڕین لەبارە بوونییەكان و دەرخستنی مانا دەكات، بەڵام تەنیا لە ڕێگای ترپە و ئاوازەوە ناگەینە ناخی ئەدەب، ناخی ئەدەب خۆرە و زەوی وەك پێكهاتەی مەوداكان بە دەوریدا دەخولێتەوە. ناشزانین كامەیان سەرچاوە و بنەوانە و كامیان پێكهاتەیە. هەر كاتێكیش بمانەوێ بە تەواوی ئەو زانیارییە بزانین و بناسین ون دەبین.
شاعیری داهێنەر، ئەگەر سەردەمێكیش بە مەبەست و ئەنقەست پشتگوێ بخرێت، ئەوە مێژووی داهێنان لە ڕۆژ و ڕۆژگار و كاتی پێویستی خۆیدا، زۆر بەهێز و شكۆوە دەیهێنێتەوە ناو ماڵی ڕاستەقینەی ئەدەب. لە تەنیشت گڵۆپی بە شەوق و ڕاستییە ڕوونەكان ڕایدەگرێت. مێژووی بیركردنەوەش، ئەو مێژووەی بۆ زیندوو دەكاتەوە، كە بەهرە و كۆششی خۆی دروستی كردووە و ڕەوایی بوونیەتی، ناتوانین لە ژێر كاریگەری دەرچین. مێژووی ئەدەب كۆمەڵێك شتن بە یەكەوە دەڕۆن و تێكەڵ بە كرۆك و ناوكی داهێنان دەبن. لەم باروبوارەشدا داهێنەر هەر بە داهێنەریی خۆی دەمێنێتەوە. خوێنەری هەمەجۆریش ناتوانێت خۆی لە ئەفسوون و كاریگەرییەكانی بە دوور بگرێت. پێوەری ئەفسوونی داهێنان شوێنی بۆ دەستنیشان دەكات. لەم دەستنیشانكردنەشدا پەیوەندییە داهێندراوەكان دەدۆزرێنەوە. بە دوای ئەوەدا دەگەڕێین، كە هەیە و قسەی لەبارەوە دەكەین.