دهربارهی چیرۆکهکانی با
نووسینی: دهوهن مهعرووف
نووسینی دەقی شانۆیی کارێکی تاقەتپڕووکێنە! نووسەرانی چیرۆک و ڕۆمان و شیعر، کەمتر خۆیان لە قەرەی دەقی شانۆیی دەدەن. بەڵام بەشێک لە نووسەران، بە تایبەتی ئەوانەی کە حەوسەڵەیان لەگەڵ ھونەری مەنەلۆگ و دیالۆگدا ھەیە. توانیویانە بیروھزری خۆیان بخەنەکارو بایەخ بە ژانری دەقی شانۆیی بدەن. نموونەمان زۆرن چ وەک جیھانی و ھەروەھا وەک خۆماڵی. گەر ئاوڕێک لە نووسەرانی ڕووس بدەینەوە، ئەوا چێخەف وگۆگۆڵ گۆڕکی و گەلێکیتر، شوێن قامکیان بە شانۆیی جێھانییەوە ڕوون ودیارەو لەلای خوێنەران و شانۆکارانی کورد ئاشناو لەبەر چاوانن. کاریگەریی و شوێن پەنجەی نووسەرانی ڕووس و ھەروەھا ڕۆژئاواییەکان جێگەی بایەخی نووسەرانی کورد بووە بۆ گرنگیدان بە دەقی شانۆیی. کە دەکرێت لێرە ناوەکانیان ڕیز بکەین، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەردەوام کاریان بۆ دەقی شانۆیی کردووە. وەک: فواد مەجید میسری، کە خاوەنی پازدە دەقی شانۆییەو زووربەیان لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانەوە تاکو ئێستا لە ھۆڵی شانۆییەکان نمایشکراون و لەھەمانکاتیشدا یەکەمین نووسەری کوردە کە خاوەنی زۆرترین دەقی شانۆیی بێت. دەقی شانۆیی پێویستی بە ئەقڵێکی تەواو تەواو کامڵە لە گشت پێکھاتەکانی کۆمەڵدا. بەتایبەتی زمان و شارستانییەت و فکرو جوگرافیا وکۆمەڵناسی و مێژوو. نووسەرانی دەقی شانۆیی، ھەمیشە خۆیان لەناو ئەو کێشانەدا دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەکەیان دەبێتەوە. بۆ نموونە: کتێبی چیرۆکەکانی با، نەک بەتەنیا ئەزموونێکی نوێیە لەناو دەقی شانۆیی کوردزماندا. بەڵکو ئاوڕدانەوەیەکی کۆمەڵناسییانەیە لەبەریەککەوتنی ئەوکێشانەی کە ڕووبەڕووی تاکی کورد دەبێتەوە لە دەرەوەی خۆی و لە ناوەوەی خۆیدا، مەبەست لە دەرەوەی خود، بەرککەوتنی ئەو جوگرافیاییە کە نامۆیە بەزمان و مێژوو و کەلتووری کورد لە جوگرافیایەکی جیاوازدا. دانا ڕەئووف، شارەزایانە کارئەکتەرەکانی خوڵقاندووەو لە چوارچێوەی دەقی شانۆییدا جێگیری کردوون. خاڵی سەرنج لەم دەقە شانۆییانەدا ناسینی کارئەکتەرەکانە بەزمانی شیعر و ئاوێتەبوونی بە ھونەری گێڕانەوە لەناو ھونەری مەنەلۆگدا. دەقەکان ئەزموونێکی نوێیە بۆ ئێستاو بۆ داھاتوو. کە دەکرێت لەناو پەیمانگاو زانکۆکان سوودی لێ ببینرێت. نەک بە تەنیا بۆ خوێنەران جێگەی بایەخە. بەڵکو خوێندکارانی بەشی شانۆ دەتوانن وەک ئەزموونێکی نوێ سوودی لێ وەرگرن و لە کاری تازەی خۆیاندا ئەزموونی بکەن. کە من دڵنیام فێریان دەکات. چۆن دەقی نوێی شانۆ بناسن. شانۆکار گەر ئاشنا نەبێت بە ئەزموونی نوێی دەقی شانۆیی. ئەوا ناتوانێت جوڵەکان لەگەڵ دەقی نوێدا ئەزموون بکات.
دانا ڕەئووف. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لەوەتەی ترووسکای شانۆ چۆتە ناو بیرو ئەندێشەیەوە. بەردەوام لەو ڕێگەیەوە چاوی لەسەر پێشخستنی شانۆ بووە لە دەرەوەو لە ناوەوەی نیشتمان.