خاوه‌نقه‌رز

ناوی کتێب: خاوه‌نقه‌رز

ناوی نووسه‌ر: ئاوگوست ستریندبێرگ

و. له سوێدییه‌وه: که‌ریم تاقانه

بابه‌ت: شانۆنامه

دیزاینی به‌رگ: تێکۆشەر خالید

دیزاینی ناوه‌وه: شاڵاو حەبیبە

نۆبه‌ی چاپ: ١

بڵاوکراوه‌ی که‌پر کتێبی ژماره:

ژماره‌ی سپاردن: له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کتێبخانه ‌گشتییه‌کان ژماره‌ی ()ی ساڵی ()ی پێ دراوه.


خاوەنقەرز درامایەکی ناتورالیزم بە کوردی

نووسینی: دانا ڕەئووف

ستریندبێرگ (١٨٤٩-١٩١٢) له‌ هاوینی ساڵی ١٨٨٨دا لە دانیمارک، بە ماوەیەکی کورت لە دوای شانۆنامەی خاتوو ژۆلیا، “خاوەنقەرز” دەنووسێت. بنیاد و ژینگه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ شانۆنامه‌ی “باوک”ـەوە نزیکه‌. ئەم شانۆنامانە: “باوک”، “خاتوو ژۆلیا” و “خاوەنقەرز”، کە بە ماوەیەکی کەم نووسیونی، لەژێر کاریگەریی تەوژمی ناتورالیزمی و شیکارییەکی وردی سایکۆلۆژیدا نووسراون و به‌شێک بوون له‌ پرۆگرامه‌ نوێیه‌که‌ی بۆ شانۆیه‌کی ڕیالیزم و ناتورالیزم؛ ناتوارالیزم بۆ ستریندبێرگ دیدی ژیان و پرۆگرامی ژیان خۆی بووە، هاوکات چەمکێکی خودگەرا و سایکۆلۆژیی بنەماکانی پێک هێناوە.

ستریندبێرگ لەو دەمەدا، بانگەشەی شانۆیەکی بچووکی ناتورالیزمی/ئەزموونگەریی دەکرد، ئەو دەقانەیشی دەینووسین، بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکە شانۆیییەکەی بوون، بۆ نموونە ئەو تەکنیکەی شانۆنامەی “خاوەنقەرز”ی پێ نووسراوە: سێ کارەکتەر، یەک دیمەن، هەمان سینۆگرافیا (یەک شوێن) لە هەموو نەمایشەکەدا، ئەو شانۆ ئینتیمە بچووکە بوو، کە خەونی پێوە دەبینی. ستریندبێرگ بە هاوکاریی “سیری فۆن ئێسن”ـی ژنی یەکەمی، لە ساڵی ١٨٨٨دا لە دانیمارک بۆ ماوەیەکی کورت، شانۆیەکی ئەزموونگەریی ئەسکەندەناڤی دادەمەزرێنێت، کە دواتر بە “تەقەلا شانۆیییەکانی ستریندبێرگ” ناوزەد دەکرێت. دواتریش لە ستۆکهۆڵم لەو فۆرمەدا شانۆی (ئینتیم)ی دامەزراند.

ستریندبێرگ لە نامەیەکیدا، بۆ دەزگای بۆنییەر، کە لە ساڵی ١٨٨٨دا ناردوویەتی، سەبارەت بە شانۆنامەی “خاوەنقەرز” دەڵێت: “هەشت ڕۆژی تر دەقێکی تری ناتورالیزمیتان بۆ دەنێرم، کە لە “خاتوو ژۆلیا” باشترە، سێ کارەکتەر، مێزێک و دوو کورسی.”

له‌ “خاوەنقەرز”‌دا، پیاوێک بێ ئه‌وه‌ی هیچ چه‌کێک به‌رز بکاته‌وه‌، مێردی ژنه‌ کۆنه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێت. ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌، له‌ هاوین و له‌ یه‌کێک له‌ دوورگه‌کانی سویددا ڕوو ده‌دات: ژنومێردێکی به‌ختیاری هونه‌رمه‌ند، “ئادۆڵف” و “تێکلا” له‌ خانوویه‌کی ساکاری کرێگرته‌ی هاوینه‌دا ده‌ژین، له‌ پڕ “گوستاف”، که‌ مێردی پێشووی “تێکلا” بووه‌، هه‌ر وه‌ک قارچک هەڵدەتۆقێت.  گوستاف بۆ ئه‌وه‌ هاتووه پەیوەندی‌ ئه‌م ژنومێرده‌ به‌ختیارە تێک بدات و‌ له‌ یه‌کترییان جیا بکاته‌وه‌؛ گوستاف گیرۆده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه‌ زیان به‌ تێکلا بگه‌یه‌نێت، تێکدانی ژنومێردایەتییەکەیشیان یه‌کێکه‌ له‌ ئامانجه‌کانی.

گوستاف دیدێکی پڕ له‌ قین و شه‌ڕخوازانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت هه‌یه‌، کارەکتەرێکی هەست و سۆز سارد و مرۆڤێکی ڕەقە و به‌ بڕوای ئه‌و، ئافره‌ت ته‌نها (قوڕێکی)  بێ فۆرمی ژێر ده‌ستی پیاوه‌، تا به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یه‌وێت په‌یکه‌رێکی جوانی بۆ خۆی لێ دروست بکات. هه‌روه‌ها ده‌قه‌که‌ پڕه‌ له‌ هێرشی گرۆتێسسكانە و تۆقێنه‌ر بۆ سه‌ر نه‌ژادی ئافره‌ت و گاڵته‌کردن به‌ چه‌مکه‌کانی یه‌کسانیی نێوان پیاو و ژن.

ستریندبێرگ، کە شانۆنامەی باوک دەنووسێت، دەڵێت: “شانۆگەریی باوک بەرجەستەی درامایەکی سەردەمە، مۆرکێکی نامۆ لەخۆ دەگرێت. نامۆیە لەبەر ئەوەی ململانێی لەنێوان ڕۆحدایە نەک پاڵەوان، لەبەر ئەوەی جەنگی بیروباوەڕە، نەک خەنجەر/…/” ئەم گوتەیەیشی ڕێک لەگەڵ “خاوەنقەرز”دا دەگونجێت. ستریندبێرگ ئەم دەقەی لە ژێر کاریگەرییەکانی فەیلەسووفی ئەڵمانی “نیتچە”دا نووسیوە. نیتچە شانۆنامەی “باوک” دەخوێنێتەوە، بیروڕای نەرێنیی خۆی بەرامبەر دەقەکە دەردەبڕێت و لەگەڵ ستریندبێرگـیش دەکەوێتە نامە گۆڕینەوە و تەواو لە یەکتری نزیک دەبنەوە.

ستریندبێرگ، دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکانی هێندە چڕوپڕ و ڕاستەوخۆ دارشتووە، کاریگەرییەکی بەهێزی کردۆتە سەر پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان و گەشەی ڕووداوەکان. دیالۆگەکان هێندە ورد چنراون، بنەمایەکی قووڵی بۆ مۆرکە سایکۆلۆژییەکەی کارەکتەرەکان خوڵقاندووە. دراماتۆرگییە ناتورالیزمییەکەی دەقەکە، پشت بە خودی هێزی دیالۆگەکان دەبەستێت، ستریندبێرگ هێزی دەقەکەی لە بنەمای دیالۆگەکانەوە دەستەبەر کردووە و دیالۆگ نەخشەیەکی دراماتۆرگیی پتەوە بۆ گەشەی ڕووداو، بۆ پێودانگه‌ دراماتیکییەکە و بۆ کارەکتەرەکانیش. ئەو هێز و وزەیەی لە دیالۆگەکاندا هەن، ڕێگا بۆ کارەکتەرەکان دەکەنەوە، بە قووڵی و بە شێوەیەکی زیندوو و پڕ لە جووڵە بەنێو دەروونی کارەکتەرەکاندا ڕۆ دەچن.

ئه‌م شانۆنامه‌یه‌، کاریگه‌رییه‌کی زۆری ده‌بێت، ڕه‌خنه‌گره‌ ئه‌ڵمانییه‌کان به‌ ستایشه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن و بینه‌رانیش به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه‌ ئامێزی بۆ ده‌که‌نه‌وه‌. ئەو هۆکارانه‌یش، که‌ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌، له‌ به‌رلین ده‌کاته‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی ستریندبێرگ: زمانی ده‌قه‌که‌، کێشه‌ چڕه‌ پڕ له‌ ڕووداوه‌کانی نێوان ئه‌و سێ کارەکته‌ره‌، مه‌سه‌له‌کانی ژنومێردایەتی، ئیره‌یی، دڵپیسی و به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م مۆتیڤانه‌یشە به‌ کارەکته‌ره‌کان و بەرجەستەکردنی له‌ ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌دا، هاوکات ستریندبێرگ له‌ دیدێکی گشتگر و مه‌ودایه‌کی قووڵی فراوانی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌روونی مرۆڤه‌وه‌، کارەکته‌ره‌کانی ڕۆناون‌ و شیکردنه‌وه‌ی سایکۆلۆژیی بۆ کردوون، به‌ شێوه‌یه‌ک که پابەندی‌ هیچ شوێن و کاتێک ‌نابن. جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە خاوەنقەرز، یەکێکە لەو دەقە ناتورالیزمییانەی ستریندبێرگ، کە لەسەر زۆربەی شانۆ گرینگەکانی دنیا نەمایش کراوە، تەنانەت دوای قۆناخی ناتورالیزمیش لە ١٨٠٠ـەکاندا، خاوەنقەرز، دەروازەیەکی گرینگ بە ڕووی درامایەکی مۆدێرنی ئەوروپیدا دەکاتەوە.

خاوەنقەرز بۆ یەکەم جار لە دانیمارک نەمایش کراوە، لە سویدیش بۆ یەکەم جار لە ستۆکهۆڵم، لە ٢٥ی مانگی سێی ساڵی ١٨٩٠دا نەمایش کراوە، لە ساڵی ١٨٩٠ یشدا بڵاو کراوەتەوە.

کەریم تاقانە، “خاوەنقەرز” بە زمانێکی تژی لە ڕیتم، لە شیعر و بە تێگەیشتنێکی تەواوەوە دەکات بە کوردی. بنەما سایکۆلۆژییەکان، کە لەنێو دیالۆگ و ئەتمۆسفێری دەقەکە و ئەو گەمەیەی لەنێوان کارەکتەرەکاندایە، لە دەقە کوردییەکەدا، بەرجەستەی ئەو زمانە بووە، کە تاقانە ستریندبێرگـی پێ کردووە بە کوردی.

وەرگێڕان هونەرێکی سەختە، سەختیی ئەم هونەرە لە دۆزینەوەی ئەو هەموو ئاستە جیاوازانەدان، کە لەو زمانەدایە، بەرهەمەکەی پێ نووسراوە. “خاوەنقەرز”، دەقێکی ئاسان نییە، لەو ڕووەوەی بە زمانێکی چڕوپڕ نووسراوە، زمانێک پڕ لە ئاستی جیاوازیی سایکۆلۆژی و گەمەی مرۆڤ بە هەستی کەسانی تر، زمانێک، کە وەک چەکێکی کوشندە، بە کار هێنراوە.

تاقانە، زۆر نزیکە لە دەقەکەی ستریندبێرگـەوە، لە دەقەکە گەیشتووە و لەو تێگەیشتنەوە بۆ دەقێکی شانۆیی، نەک ڕۆمان و شیعر، وەرگێڕانەکەی کردووە. زمانەکەی چەندە لە زمانی شانۆوە نزیکە، هێندەیش شیعرە، شیعرێکی شانۆیی کە بە سانایی مەودا سایکۆلۆژییەکەی دەقەکەی دۆزیوه‌ته‌وه‌، هاوکات ساکار و گونجاوە بۆ سەر شانۆ و بەرکەوتنی ئەکتەر و بینەران.