خانه‌قای میرزا

خانەقای میرزا

نووسەر: میران ئەبراهام

بابەت: ڕۆمان

قەبارە: ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌

نۆبەتی چاپ: ٢٠٢٣


ڕۆمانی خانەقای میرزا: باس لە قۆناخێکی گرنگی مێژوویی دەکات، کە شوێن و کاتی ڕووداوەکان لە هەل و مەرجە کۆمەڵاتییەکان و دابونەریتەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی هونەرییانە و واقیعییانە نمایش دەکرێنەوە، کە لەگەڵ واقیعی مێژوویی ئەو سەردەمەدا هاوشێوەن. هەروەها کارەکتەرەکانی مێژوویی و ڕاستەقینەن، کە نووسەر جارێکی تر ئاشنامان دەکاتەوە پێیان و ئەوەمان پێ دەڵێت؛ کە ئەو ڕووداوانە چی کاریگەرییەکییان بەسەر تەواوی کۆمەڵگەوە هەبووە. نووسەر دەیەوێت دونیایەک دووبارە لە فۆرمێکی هونەریدا دابڕێژێتەوە، کە ئێمە لە ئێستاماندا لە سرووشتی مرۆڤەکانی ئەوسا ڕابمێنین، بەڵام مرۆڤەکان وەکوو کارەکتەر نەوەک پاڵەوان. بەکورتی ئەم ڕۆمانە سەرچاوەیەکی نوێ و ناوازەیە بۆ چێژ وەرگرتن لە هونەری گێڕانەوە و مێرووی شوناس و شوێنی خۆمان.

ڕۆمانی خانەقای میرزا؛ چوارەمین ڕۆمانی نووسەر (میران ئەبراهام)ە، دوای شەوگەڕەکان، نیشتمانی سارا، خەمی مەستوورە. کە لە کۆی چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەردا پرسی شوناس و شوێن چەقی کرۆکی گێڕانەوەی چیرۆکەکانیەتی، بەتایبەتی ڕۆمانی نیشتمانی سارا، کە لەنێو فەرهەنگ و زمانی کوردیدا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو، لە شێوازی نووسین و به‌تایبه‌تی ناوەڕۆکدا، بە گرنگیدان بە مێژووی خۆمان، پرسی مێژووی کەمینەکان. ئێمە وەک خوێنەر شایەتحاڵی ئەوە بووین، کە پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی نیشتمانی سارا، زۆربەی نووسەرەکان تەنیا خاوەندارێتییان لە پرسی گەلێک دەکرد، نەوەک شوناس و پرسی نەتەوەیەک، کە لە مێژوودا ئەوە گەورەترین کێشەی نەتەوەی کورد بووە، ئەو دابڕان و چەند بەرەکییەی لە مێژوودا هەبوون، بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە زیاتر لە شەست ملیۆن کورد، بێ بەخت ترین مرۆڤی سەر ئەم هەسارە شینە بێت. ئەو پرسە لە ژێر هەر کاریگەرییەکدا بێت، ئەمڕۆ میللەتی کورد پێکەوە، بە زۆرینەی سەردەستەی موسڵمان و تەواوی کەمینەکانەوە باجەکەی دەدەن.

ئەم ڕۆمانە نوێیەیی نووسەر، لە ساڵی ١٩٣٥وە دەست پێ دەکات، تاوەکوو ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، هەڵکۆڵین و بەراورد کارییەکی ساڵانی سیی و چلەکانی سەدەی ڕابردووە، سەرهەڵدانی ڕەوتی چەپ و نەتەوەیییەکان، بەتایبەتی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە دەتوانین بە جۆرێک لە ڕێنیسانسی کوردی دابنێین، لە شارێکی وەکوو سلێمانی و هەولێر و که‌رکووکدا، کە پێشتر پرسی نەتەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی تەنیا لە سنووری خانەقا و تەکیەکاندا کڵۆم کرابوو، بەرەی قادری و نەقشبەندی، یان دەتوانین بڵێین، خانەقا و تەکیەکان، زمان و فەرهەنگی کوردی لە سنووری شیعری عەرووز و تەسەوف تێپەڕی نەدەکرد. گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە و ئاشکرا کردنی ڕەوتی بیری نوێ و یەکەم کتێبخانە لە دەرەوەی خانەقا و تەکیەکاندا، گۆڕانکاری و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە پرسی شوناس و گۆڕینی تاکی نێو کۆمەڵگا لە مرۆڤێکی نەقڵانییەوە بۆ مرۆڤێکی بیرکەرەوە و عەقڵانی، کە گومانی لە خۆی و عەقڵ و ئایدیۆلۆژی پێش خۆی هەبێت، هەروەها کێ ئەو ڕۆژانە سەرمەشق بوو، کێ یەکەم کتێبخانەی لە دەرەوەی خانەقا و تەکیەکان دروست کرد، (میرزا کەریم و قادری ئاغای عەتار)کێ بوون؟ هەروەها بوونی ڕەوتی چەپ و نەتەوەیی کە بە بەرەی نیشتمانی خۆیان ناساند و پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەوسای پەرلەمانی عێراقیان کرد، ئەی بەرژەوەندیخوازەکان کێ بوون، کە زۆربەیان لە ڕیزی پارتە عەرەبییە نەتەوەپەرستەکانی وەکوو: (یەکێتیی دەستووری نووری سه‌عید، نەتەوەییی ئیشتراکی ساڵح جەبر)دا بوون، کە ئەمڕۆ ئەو ناوانە، خەڵکی کوێرانە شانازییان پێوە دەکات و بە ئەشررافی شار ناویان دەبەن.