حەمەسەعید حەسەن/ غەریبی لە نیشتماندا

,
نووسین: حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن


نیشتمانی سارا کە میران ئەبراهام نووسیویەتی، ڕۆمانێکە مێژووی سەدەیەکی شاری سلێمانی دەگێڕێتەوە و ئەو ئەفسانەیە بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێت: کوردستان مەڵبەندی پێکەوە ژیانە. جوولەکان گەڕەکێکی جوونشینە، دەکەوێتە لای خوارووی سلێمانییەوە، چی ئاوی زێرابی شار هەیە، بە ناویدا تێدەپەڕێت. تەنیا ئەوەی گەڕەکێک هەبووە تایبەت بە جوو، بەڵگەیە بۆ ئەوەی سووک سەرنجی خەڵکی سەر بەو ئایینە دراوە و مافی ئەوەیان نەبووە تێکەڵ بە خەڵکی سەر بە ئایینی سەروەر ببن. جوولەکان دەکەوێتە خوار هەردوو گەڕەکی سەرشەقام و چوارباخەوە، منداڵانی ئەو دوو گەڕەکە ئەوەیان بە مافی خۆیان زانیوە، کەی ئارەزوویان کرد، جوو کە بەرەو ناو شار دەچن، یان لە شار دەگەڕێنەوە، بەردبارانیان بکەن!
نیشتمانی سارا ڕۆمانێکە پشتی بە دیرۆک قایمە، ستەمی موسوڵمان لە جوو دەگێڕێتەوە، ئەو ستەمەیش دەنووسێتەوە کە سەربازی دەوڵەتی ئیسلامیی عوسمانی، بە کۆمەکی مەلای کورد لە جووی دەکات. سەروەختی یەکەمین جەنگی جیهانگرەوە، مەلای کورد چاوساغی سەربازی عوسمانی دەبێت، لە پادداشتی ئەو چاوساغییەدا کە بە ئەرکێکی ئایینیی زانیوە، مەلا خەڵات دەکرێت و پارەی خەڵاتەکە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەکار دەهێنێت. ئەو سەردەمە گرانی دەبێت، خەڵک لە برساندا گوشتی پشیلە و سەگیش دەخۆن، دز و جەردە ئەوەندە زۆر دەبن، کەس لە ماڵ و موڵکی خۆی دڵنیا نابێت.
هەرچەندە جووەکان لە بنیاتنانی سلێمانیدا بەشدار دەبن، ‌هەرچەندە لە ڕابوونی شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠ی بەر دەرکی سەرای سلێمانیدا، دوو شەهید دەبەخشن، کەچی موسوڵمانان ئەوەیان پێ ڕەوا نابینن، ئەو شارە بە زێدی خۆیان بزانن. کوردی موسوڵمان تەنیا دژی جوو نەبووە، لە قەتلوعامی ئێزدی و کریستیانیشدا چالاکانە بەشداریی کردووە. بە فەرمانی مەحموود پاشای بابان، خواجە خینۆ دەکوژرێت و شەو تەرمەکەی بە سەربڕدراوی لەبەردەم کنێستەکەی (پەرستگەکەی) جوولەکاندا فڕێ دەدرێت! (تاوان)ی خواجە خینۆ ئەوەبوو، بە پارە کۆمەکی سلێمان پاشای کردبوو، سلێمان پاشای برای مەحموود پاشا! هەرچەندە شێخ و ئاغا بەردەوام سەرانەیان لە جوو دەسەند، ئاخر جوو ئەهلی زیممەیە و دەبێت جزیە بدات، تا سەری پارێزراو بێت.
جووەکان لەسەر ئاستی عێراق زیاتر دژایەتی دەکران، بزاڤەکەی ڕەشید عالی گەیلانی، بزاڤێکی نازی بوو، داوای قەلاچۆکردنی جووی دەکرد و ددانی بەوەدا نەدەنا عێراق زێدی جووە و بەرلەوەی موسوڵمان لە عێراقدا پەیدا ببێت، جووی لێ ژیاوە. خەڵتووز حیزبێک بوو، لە هەوڵی ئەوەدابوو جووەکان کۆ بکاتەوە و داکۆکی لە سەر و ماڵیان بکات، کۆششی بۆ ئەوەیش دەکرد، کورد و عەرەبی پێشکەوتنخوازیش لە خۆی نزیک بخاتەوە و بە هەمووان سەنگەر لە عەرەبە شۆڤێنیستەکان بگرن. “نەگەر بتەوێت ببیتە خاوەنی نیشتمانی خۆت، پێویستە لەنێوان خوا و خورمادا یەکێکیان هەڵببژێریت.” کوردی عێراق وەک جووی نەکرد، بۆیە نەبوو بە هیچ، ئاخر هەم خوای دەویست و هەم خورمایش، یان ڕاستتر زیاتر حەزی لە خورمابوو.
میران ئەبراهام بەرلەوەی دەست بە نووسینی ڕۆمانەکەی بکات، زانیارییەکی زۆری دەربارەی مێژووی ئەو سەروەختەی باشووری کوردستان و عێراق پەیدا کردووە کە ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی نووسەرێکە مێژوو ناشێوێنێت، بەڵکوو لێی سوودمەند دەبێت، نووسەرێکە ڕێز لە قەڵەمەکەی دەگرێت، بەبێ زانیاری قسە ناکات، نووسەرێکە دەزانێت، چۆن بە کۆمەکی خەیاڵ، واقیع دەگێڕێتەوە، نووسەرێکە لەو چەند نووسەرە کەمەی شکۆیان بۆ ڕۆمانی کوردی گێڕاوەتەوە.
سەرەتا کنێستەکان بە پاساوی نۆژەنکردنەوەوە دادەخرێن و دواتر هیچ ئاسەوارێکی ئایینی جوویان پێوە ناهێلرێت و دەکرێن بە مزگەوت. گۆڕستانی جووەکان تەخت دەکرێت، شەقامی پێدا ڕەت دەبێت و دەبێتە شوێنی نیشتەجێ. کە شۆڤڵ گوڕستانی جووەکان تێک دەدات، بەشێک لە خەڵکی سلێمانی، لەناو خۆڵ و وردە ئێسکەکاندا بۆ زێڕ و زیو دەگەڕێن! لە سلێمانی خەڵک ئاسەواری جووەکان دەسڕنەوە، نەک دەسەڵات! خەڵک بە شەو بە پاچ و خاکەنازەوە، خەریکی هەڵکەندن و هەڵدانەوەی گۆڕەکانی قەبرستانی جووەکان دەبن. ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دەدرێن و لە سلێمانی وەک دەسەڵات دەخوازێت و توندتریش جێبەجێ دەکرێن. خەڵکی کوردستان لە سڕینەوەی ئاسەواری جوودا، چالاکانە بەشدار دەبن. بەغدا بڕیاری وڵاتبەدەرکردنی جوو دەدات و منداڵانی موسوڵمانانیش لەسەر ڕێگایاندا دەوەستن و بەردبارانیان دەکەن! جوو بە نوقڵەوە دەچن بۆ لای منداڵەکان، لێیان وەرناگرن، ئاخر وا فێر کراون، خواردنی دەستی جوو، پیسە.
عەرەب هەڵدەکوتنە سەر ماڵی جوو، تاڵانی دەکەن و ئاگری تێ بەر دەدەن، زۆرێک لە کوردی موسوڵمان، لەبری ئەوەی بە هانایانەوە بچن، شوێنپێی عەرەبی نازی هەڵدەگرن. ئەوە تەنیا سۆفییەکانی هەورامان دەبن، بە فریای جووەکانی سلێمانی دەکەون. ئەو سەروەختەی جووەکانی سلێمانی شاربەدەر یان ڕاستتر وڵاتبەدەر دەکرێن، یەک ئەدیب یان منەووەری کورد، لەسەریان بە دەنگ نایەت، تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانیش، بە شیعرێک تراجیدیای جووەکان بەسەر ناکاتەوە. کە ئەوە هەڵوێستی شاعیرانی کورد بووبێت، ڕێی تێ ناچێت مەلای کورد، قسەیەکی باشی بۆ جووەکان کردبێت.
ساڵانێکە ڕۆماننووسانی سەر بەو وڵاتانەی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بوون، بەرهەمی ئەوەندە باڵا پێشکەش بە ئەدەبی جیهان دەکەن، دونیایان سەرسام کردووە، لەوانە: خالید حوسێنیی ئەڤغانی لە (کۆلارەفڕێن)دا و زیاء حەیدەر ڕەحمانی بەنگلادیشی لە ڕۆمانی: (لەبەر ڕؤشناییی ئەوەدا کە دەیزانین)دا، پارساڵیش (٢٠٢١) عەبدولڕەززاق گورناهی زەنجباری، خەڵاتی نۆبێڵی بەدەست هێنا. (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبراهام، یەکێکە لەو ڕۆمانە کوردییانەی دەکرێت، لەسەر ئاستی دونیا، نوێنەرایەتیی ئەدەبی کوردی بکات.
ئەگەر گێڕەرەوە کەسی یەکەمی بگۆ بوو، بۆ ئەوە دەست نادات، گێڕەرەوەی هەمووشتزان بێت، ئاخر ناکرێت کەسێک ئاگای لە بیرکردنەوە و نیاز و دەروونی هەموو کارەکتەرەکان بێت، بۆیە ڕۆماننووس هانا بۆ تەکنیکی گێڕانەوە لە کۆمەڵێک گۆشەنیگاوە دەبات، بەمەیش هەم گێرانەوەکانی زیاتر جێی متمانە دەبن و هەم ڕۆمانێکی فرەدەنگییش بەرهەم دەهێنێت. نیشتمانی سارا بە شێوازێک نووسراوە، خوێنەر ناچار دەکات کارەکتەرەکانی خۆش بوێن، لەگەڵیاندا بژی و هاوخەمیان بێت. کارەکتەر کە کەسێکە لە وشە، وەها زیاتر جێی بڕوایە، خۆی بدوێت، نەک کەسێکی دیکە لەبریی ئەو قسە بکات. دەقێک بۆ ئەوە هانمان دەدات، درێژە بە خوێندنەوەی بدەین، نووسەرەکەی شارەزای بواری وەسف بێت، ئیدی وەسفی کارەکتەر بێت، یان شوێن و ژینگەی ڕووداوەکان.
ئەگەر نووسەر نە خاوەنی یادگەیەکی دەوڵەمەند بێت، نە وەک پێویست شارەزای ئەوە مێژووە بێت کە بەسەری دەکاتەوە، نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت، ڕۆمانێکی جیاواز و سەرکەوتوو پێشکەش بکات. نیشتمانی سارا ئەوەندە لێزانانە نووسراوە، خوێنەر سەر بە هەر ئایینێک بێت، یان ئەگەر لادینیش بێت، خۆی لێ دەبێت بە جوو، جوویەک لە نیشتمانی خۆیدا هەست بە غەریبی دەکات، کە بەناسۆرتین جۆری غەریبییە. پارادۆکس ئەوەیە کورد کە بەگشتی میللەتێکی چەوساوە و ژێردەستەیە، تەنیا لەسۆنگەی جیاوازیی دینییەوە، جوو بچەوسێنێتەوە، جوویەک کە هاونەتەوە و هاونیشتمانی خۆیەتی. نیشتمانی سارا پێمان دەڵێت: لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەی سەرەوەرە، عەقڵی ئەفسانەیی و دووڕووییی مۆراڵییە. سیاسەت کە ڕووبەرێکی بەپیتە بۆ پەرەسەندنی هیچوپووچی، زەمینەیەکی لەباری خوڵقاند، بۆ ئەوەی ستەمێکی کەموێنە لە جووەکان بکرێت و لە خاکی باب و باپیرانیان وەدەر بنرێن.
ئەگەر ئەوەی نووسیوتە، ناخی خوێنەر دەهەژێنێت و هانی دەدات لەگەڵ ئەم یان ئەو کارەکتەریدا هاوسۆز بێت، ئەوا خاترجەم بە، خوێنەر دەبێت بە بەشیک لە ڕۆمانەکەت و هەقی خۆتە وای بۆ بچیت، بەرهەمێکی ئەدەبیی باڵات پێشکەش کردووە. ئەگەر ڕۆمانەکەت هەڵگری پەیامێکی ئینسانی نەبێت، ورووژاندنی سێکس دادت نادات، ئەوە ئاسایییە ڕۆمان توخنی سێکسیش بکەوێت، بەڵام دەبێت کارەکە لە ڕووی هونەرییەوە ئەوە بخوازێت، ئەگەرنا قسەکردن لەسەر سێکس بەشێوەیەکی ڕووهەڵماڵراوانە، نە بوێرییە، نە ڕاشکاوی. ئەوە چیرۆکی خۆشەویستیی ڕاستەقینەیە، خوێنەر کەمەندکێش دەکات کە هیچ لەگەڵ ورووژاندنی هەستی هەرەزەکاراندا کۆی ناکاتەوە. میران ئەبراهام لە ڕۆمانی نیشتمانی سارادا، هونەرییانە چیرۆکی خۆشەویستی دەگێڕێتەوە، چیرۆکێک هەرچەندە بە خامەی خەیاڵ نووسراوە، بەڵام واقیع دەگێڕێتەوە.
سەدان ساڵ پێش زایین، جوو لە عێراقدا ژیاون، کەچی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بەرەو ڕووی کۆکوژی و فەرهوود دەبنەوە: دەکوژرێن، دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگیرێت، ناسنامەی عیراقیبوونیان لێ وەردەگێرێتەوە و ناچار دەکرێن بۆ ئیسرائیل کۆچ بکەن. دوای شۆڕشی چواردەی تەممووزی ١٩٥٨ باری ژیانی ئەو جووانەی لە عێراقدا مابوون، بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام کە حیزبی بەعس دەسەڵات دەگرێتە دەست، بە لە سێدارەدانی بازرگانانی جوو، ناسنامەی نازیبوونی خۆی ئاشکرا دەکات، ئاخر بەعس لە یەکەمین کۆنگرەیدا (١٩٤٧دیمەشق) بڕیاری وەرگێڕانی (کۆمەڵێک پەیام بۆ نەتەوەی ئەڵمان)ی (فیختە)ی دابوو کە ئینجیلی حیزبەکەی هیتلەر بوو. حیزبی شیوعی تاقە لایەنی عێراق بووە کە هەر لە سەرهەڵدانییەوە، داکۆکی لە جوو کردووە و سەنگەری لە زایۆنیزم گرتووە.
سارا دەڵیت:”ئێمە سەد پشتمان لەم وڵاتەدا ژیاوە، بۆ سێ هەزار ساڵ دەچێت، ئێمە لەم وڵاتەداین، ئێمە پێش ئەوەی هەڵگری هەر دیانەتێک بین، کوردستانیین” باپیرە خایم دەڵێت: “سلێمانی شاری ئێمەیە، بەر لە دروستبوونی سلێمانی، لە قەڵاچوالان ژیاوین، ئێمە ڕەنج دەدەین و شێخ و دەرەبەگ سەرانەمان لێ دەسەنن.” سوکرات دەڵێت: “بۆ قایلکردنی ئەوی دی، پێویستمان بە سێ بنەما هەیە: عەقڵانیبوون، ڕاستگۆیی و سۆزی گەرم.” میران ئەبراهام بە پشتبەستن بەو سێکوچکەیە و بە کۆمەکی زمانێکی ڕوون، کارێکی کردووە خوێنەر لەگەڵ پەیامی ڕۆمانەکەیدا هاوسۆز بێت. شوێن لە نیشتمانی سارادا بایەخێکی زۆری پێ دراوە، نووسەر دەزانێت شوێن لە گێڕانەوەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، بۆیە باسی شوێنێکی وەهمی ناکات، باسی سلێمانی، باسی زێدی خۆی دەکات و ڕۆمانێکی نووسیوە، تێیدا هونەرمەندانە زانیارییەکی دیرۆکیی زۆری بە خوێنەر بەخشیوە. لەو ڕۆمانانەی نەنووسیوە کە بێسەواد بەرهەم دەهێنن، ئەو ڕۆمانانەی کە زۆریان لێ دەفرۆشرێت، بەڵام نە پەیامێکی ئینسانییان پێیە، نە بەهایەکی ستاتیکییان هەیە، ئەو ڕۆمانانەی کە گۆمە تەنکەکە لێڵ دەکەن، بۆ ئەوەی خوێنەر فریو بخوات و بە قووڵی بزانێت.
لە نیشتمانی سارادا ڕووداوەکان کرۆنۆلۆجییانە نمایش کراون، تێیدا لە خۆڕا ئیش لەسەر پاش و پێشخستنی کات نەکراوە و لێزانانە زەمینە بۆ بەدوای یەکدا هاتنی کوێرەوەرییەکاندا خۆش کراوە. کە سارا بە سالار دەڵێت: “بەردەوام لەگەڵ ڕۆحیانەتی مردووەکاندام، دەیانبینم و دەتوانم بیاندوێنم.” ئەوە ئاماژەیەکی زیرەکانەیە بۆ ئەوەی خوێنەر پێشبینی ئەوە بکات، ئەگەری ئەوە هەیە، سارا کە ناساغە، بمرێت.
“ئێمە وەکوو نەمامێک واین، ڕەگمان لەم خاکەدا داکوتاوە، لێرە بڕۆین، بێ ڕەگ دەبین، لە هیچ جێگەیەک سەوز نابینەوە.” سارا وا دەڵێت. باوکم دەیگوت: “ئێمە زیاتر لە هەزار ساڵە لەلایەن کوردە موسوڵمانەکانەوە، وەکوو قەومێکی زەلیل و داڵدەدراو حسابمان بۆ دەکرێت.” وەک بە ڕۆمانی نیشتمانی ساراوە دیارە، ژیانی جووەکانی سلێمانی، تژیبووە لە بێزاری، لە دڵەڕاوکێ، لە نیگەرانی و لە نائومێدی و لە ترس.
هەر بەشێکی نیشتمانی سارا تابلۆیەکی جیاوازە، هەر بەشە و ژیاننامەی کەسایەتییەک یان زیاتر نمایش دەکات و بە هەموو بەشەکان، بە شێوەیەکی هارمۆنیایی ڕۆمانەکە تەواو دەکەن. کە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەبیتەوە، هەست دەکەیت بە کۆڵان و شەقام و گەڕەک و بازاڕی سلێمانی ئاشنایت، بە کێشەکانی سلێمانی، بە جیاوازییە فیکری و چینایەتییەکانی، بە زۆرێک لە کەسایەتییەکانی، بە گۆرانکارییەکانی و بە ڕووداوەکانی ئاشنایت، بە مێژووی ئاشنایت، مێژوویەک بە قەڵەمی خەیاڵ نووسراو. لایەنی هەرە گەشی ڕۆمانی نیشتمانی سارای میران ئەبراهام، بەدیارخستنی لایەنە نهێنییەکانی مێژووی سلێمانییە، ئەو لایانەنای هەمووان خۆیان لێیان نەبان کردووە و ئەمە یەکەمین جارە، نووسەرێک دێت و دەیانداتە بە ڕێژنەی ڕووناکی.
“هەی جوولەکەی پیس، پریشکی ئاوەکەتان بەر ئێمە دەکەوێت.” سارا لە گەرماوێکی میللیدا لەگەڵ خەسوویدا خۆی دەشوات، شەمسە کە یەکێکە لە هاوپۆلەکانی، پەلاماری دەدات و وای پێ دەڵێت! بە پیس زانینی غەیرە موسوڵمان، کە ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی دواکەوتووی نائینسانییە، ڕەنگە تا ئێستایش لە زۆر جێگەی کوردستاندا مابێت! “ئینسان کە خۆی وا بە زەلیلی ببینێت، ڕەنگە دڵێ ببێت بە خوێن و لە عەزەتاندا، ڕۆحی لە جەستەی بێزار ببێت.” ئەوە لای کەم زادەی نەفامییە کە موسوڵمان تەنیا خۆی بە کورد بزانێت و بڵێت: “ئێمەی کورد هەردەم هاوخەمی ئێوەی جوولەکەین.” ئاخر خۆ کوردبوون هەر بە باڵای موسوڵماندا نەبڕاوە، جوو، کریستیان، ئێزدی، یارسان، زەردەشتی، بەرلەوەی ئایینی ئیسلام سەرهەڵبدات کورد بوون.

نیشتمانی سارا هەرچەندە ڕۆمانێکی درێژە، بەڵام بە تەڵەی درێژدادڕییەوە نەبووە، بەڵکوو چڕکردنەوەی تێدا ڕەچاو کراوە، چڕکردنەوە هەر کورتبڕییە کە کرۆکی هونەری نووسینە. کە ڕۆمان دەنووسین، نەک هەر نابێت بە زمانێکی لاواز بینووسین، بەڵکوو پێویستە بەدەم نووسینی ڕۆمانەوە، زمان زیندوو ڕابگرین، گەشەی پێ بدەین و نوێی بکەینەوە. نیشتمانی سارای میران ئەبراهام بە زمانێکی پاراو نووسراوە، زمانێکی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ.