ته‌نیاترین له دنیادا

نووسەر: ماگدا ئێگێنس

و. لە سوێدییەوە: کەریم تاقانە

ماگدا ئێگێنس لە شاری کیشڤەردای مەجارستان لە دایک دەبێت.

نازیستەکان لە جەنگی دووەمی جیهاندا مەجارستان داگیر دەکەن، لە ١٤ ئاپریلی ١٩٤٤دا ماگدا و بنەماڵەکەی دەگوێزنەوە بۆ گەڕەکێک کە پێی دەڵێن گەڕەکی جوولەکەنشینان. نازیستەکان گەلێک بنەماڵەی دیکە بۆ ئەوێ دەگوێزنەوە.
ماگدا و بنەماڵەکەی دوو سێ هەفتە لە گەڕەکی جوولەکەنشیناندا ژیان دەبەنە سەر، دواتر نازیستەکان ئەوان و هەموو بنەماڵەکانی دیکە دەدەنە پێش خۆیان و دەیانبەن بۆ وێستگەی قەتار، بۆ ئەوەی لەوێوە سواریان بکەن و بیانبەن بۆ ئاوشڤیتز. لە وێستگەکەدا ژن و پیاو لە یەکتر جودا دەکەنەوە. ماگدا ماڵئاوایی لە باوکی دەکات و جارێکی تر نایبینێتەوە.
دایکی ماگدا ئەوکات دووگیانە، لە ئاوشڤیتز دەمرێت، بەڵام ماگدا ئەودەم تەمەنی بیست ساڵە، خوشکە گچکەکەیشی تەمەنی ١٨ ساڵە؛ نازیستەکان پێیان وایە ماگدا و خوشکەکەی دەتوانن کار بکەن بۆیە دەیاننێرن بۆ ئۆردووگای دیکە و بە زۆر کاریان پێ دەکەن.
جەنگ سەرەنجام تەواو دەبێت، ماگدا و خوشکەکەی ئەوەندە کاریان پێ کراوە، گوڕوتینیان نەماوە، لەڕولاواز و نەخۆشن، بەڵام ڕزگار دەکرێن و دەهێنرێن بۆ سوێد.
ماگدا ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات. عاشقی پیاوێک دەبێت، مێردی پێ دەکات و بەختەوەر دەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ڕووداوە ناخۆشەکان لە بیر بکات.
ماگدا کتێب لەبارەی جەنگ و ڕەگەزپەرستییەوە دەنووسێت. سەری خوێندنگەکان دەدات و چیرۆکی ژیانی خۆی و هەزاران مرۆڤی دیکەی بێتاوان بۆ منداڵان دەگێڕێتەوە.
ماگدا ئێگێنس دەڵێت:
بە درێژاییی چەندان ساڵ ئەزموونی خۆمم لەبارەی جەنگ و ڕاوەدوونانەوە، لەبارەی ڕەگەزپەرستی و نازیسمەوە، لەبارەی ترس لە بێگانە و تەنگپێهەڵچنینەوە گێڕاوەتەوە.
کتێبم لەم بارەیەوە بۆ تازەلاوان و منداڵانی تەمەن ٨-١٠ ساڵ نووسیون. بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سۆز و تاسەیاندا بۆ ژیان و واقیعی ژیان، هەمیشە ئەزموون بووە. هەمیشەیش هاتوومەتەوە سەر ئەو باوەڕە کە چیرۆک بۆ منداڵان، تەنانەت بۆ ساوایانی تازەپێگرتوویش، یەکجار زۆر گرنگە؛ یەکجار زۆر گرنگە باسی دژوارییەکان بکەین، بەر چاو ڕوون بکەینەوە و هەست بورووژێنین.
منداڵ کونجکۆڵ و تاسەبار و بەگوڕن. منداڵ بە ئاسانی کاریان دەکرێتە سەر؛ دەبێت لە سەرەتای ژیانەوە پێش بە دەمارگرژی بگردرێت. من دەمویست کتێبێک بۆ منداڵانی پێش خوێندنگەیی بنووسم.
ڕۆژێک بێچووەپشیلەیەکی ڕەشم لە باخچەکەماندا بینی. تەنیا، بێماڵوحاڵ، ترساو و برسی بوو. ئەم کتێبە باسی ئەو پشیلەیە دەکات و باسی ئەوە دەکات کە چۆن منداڵ دەتوانێت کار بکاتە سەر گەورەساڵان و وایان لێ بکات پێشداوەری نەکەن، وایان لێ بکات یارمەتیی بێپەنایەکی گچکۆکە بدەن.

Floral magazine mockup with blank space